وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، تەمویلی مووچە گەیشت و 120 ملیار دیناریشی لێ بڕدراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026\8\10، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار، وەکوو تەمویلی مووچەی مانگی 9ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەکوو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوول لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
وەزارەتی دارایی ڕوونیشی كردووەتەوە، بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا باس لەوەش كراوە، هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بڵاو دەكرێتەوە.