راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ رێگریکردنە لە شۆکی ئابووری و وەک هەنگاوێکی خۆپارێزییە لە بەرانبەر قەیرانەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیریی دارایی عێراقە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری بانکیی ناوەندیی فیدراڵ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراق؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، لە سایەی لێکەوتەی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە بەتایبەتی کاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، پێویست دەکات بە شێوازێکی خۆپارێزی و ورد مامەڵە لەگەڵ داهاتە نەوتییەکان و بودجەی گشتی و لێشاوی دراوی بیانی بکرێت.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر، بەتایبەت بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بە واتای تێکچوونی رەوشی ئابووری نایەت، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆپارێزیی پێشوەختە و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و دارایی و نەختینەییدایە بۆ خۆئامادەکردن لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی کاریگەر لەسەر سەرچاوەکانی دەوڵەت یان توانای پاڵپشتیکردنی دارایی بازرگانیی دەرەکی و خەرجییە گشتییەکان.
هەروەها باسی لەوە کرد، سیاسەتی نەختینەیی کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی بازاڕی دراو و هێشتنەوەی نەرمی لە دابینکردنی دراوی بیانیدا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی دارایی بازرگانیی دەرەکی، هاوکات سیاسەتی دارایی وەک هاوسەنگکەرەوەیەکی سەقامگیری کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی شۆکە دەرەکییەکان لە رێگەی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان و داهات و باج و کرێی گومرگی و پاڵپشتیی حکوومەت بە شێوەیەکی هاوسەنگ.
لەسەر پرسی رێکارە گومرگییەکان مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە دا، رێکارە گومرگی و باجییەکان دەچنە چوارچێوەی سیستەمی خۆپارێزییەوە و بە شێوەیەکی زانستی بەکاردەهێنرێن، ئامانج لێیان زیادکردنی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان یان بەرزبوونەوەی نرخەکان نییە، بەڵکوو بۆ رێکخستنی جووڵەی هاوردەکردن و بەهێزکردنی داهاتە گشتییەکان و رێنماییکردنی بەکارهێنانی دراوی بیانییە، بەبێ ئەوەی کاریگەرییە داراییەکانی ئەم رێکارانە بە تەواوی بۆ سەر بەکاربەر بگوازرێنەوە.