خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- گرووپی خانمانی بێ سنوور، یەكێكە لە چالاكترین و پڕ جمووجۆڵترینی ئەو گرووپانەی كە لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری خزمەت بە وەرزش و چالاكییەكانی ئافرەتان و خانمان دەكەن، بە مەبەستی نیشاندانی توانا و بەهرەكانی ئافرەتان و سوود بینین لە هەموو جۆرە بەهرەیەك، لە پێناو پێشخستن و گەشەسەندن و هاندانی زیاتری كچان و ژنانی هەرێم، كە ئەوانیش بتوانن هاوشانی پیاوان خزمەتی گەل و نیشتمان بكەن.

خزمەتەكانی گرووپی خانمانی بێ سنوور
ئەم گرووپە تەنها پشت بە یەك جۆر چالاكی و كار نابەستێت، بەڵكوو دابەشكاریشی كردووە لە چەند كایەیەكی وەرزشی جۆراو جۆر، كە بریتین لە: گرووپی شاخەوانی، بەناوی ( گرووپی شاخەوانی بێ سنوور)، یاری لەشجوانی خانمان و وەرزشی ( ڕێك و پێكی جەستە ــ ڕەشاقە) لەگەڵ ڕاهێنانی زومبا و ئیرۆبیك. كە سەرجەمیان لە پێناو خزمەتكردنە بە جەستەیەكی تەندرووست و دەروونێكی ئارام، لەم ڕێگەیەشەوە ئافرەتانی كوردستان دەتوانن حەز و ئارەزووەكانیان لەم جۆرە وەرزش و ڕاهێنانە تاقیبكەنەوە.

دەربارەی لێپرسراو و بەرپرسی گرووپەكە
ڕۆڵی خاتوو ( سنوور حەسەن عەبدوڵڵا حەمەخان ) گەورەترین و بەرچاوترین كاریگەری هەبووە لە دامەزراندن و سەرپەرشتیكاری گروپەكە، ناوبراو لە دایكبووی شاری سلێمانییە و دەرچووی كۆلێژی یاسایە، بەڵام وەكوو خۆی بە خەباتی گوت: لە كاری پارێزەری و یاسادا كاری نەكردووە و هەر لە ساڵی ۲۰۰٨وە دەستیكردووە بە ڕاهێنانی وەرزشی و دواتریش لە ساڵی ۲۰۰۹وە هەستاوە بە درووستكردنی گرووپی خانمانی بێ سنوور، دواتریش درووستكردنی گرووپی شاخەوانی بێ سنوور.

خاتوو سنوور جگە لە ڕاهێنانی وەرزشی لەشجوانی، كۆمەڵێك یاریی و ڕاهێنانی جەستەیی و دەروونیشی فێری فێرخوازان و وەرزشدۆستان كردووە، لەوانە (لەشجوانی، زومبا، ئیرۆبیك )، سەرەڕای ئەم چالاكی و ماندووبوونانەی كە لە خزمەتی ئافرەتاندا كردوویەتی، ئەوا ڕۆڵێكی بەرچاویشی هەبووە لە نیشاندانی توانا و بەهرەكانی كچان و ئافره‌تانی سنووری سلێمانی و بە تایبەت ناحیە و قەزاكانی دەورو بەریش.

ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە سنوورەكە
خاتوو سنوور حەسەن ئەوەی بە خەبات گوت: بێگومان هەموو كارێك ئەستەم و گرانی خۆی هەیە، بەڵام چێژ و سوودیشی هەیە، ڕەنگە تا ڕادەیەك لە سەرەتادا گران بێت خانمێك دەستبكات بە كاری ڕاهێنان و وەرزش و شاخەوانی، بە تایبەتیش لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانا و هێزی خۆی بە پاكی و لە نێو چوارچێوه‌ی بەها مرۆڤایەتیەكان نیشان بدات، بەڵام لەگەڵ وەرزش ئەوا جەستە و مێشك و بیكردنەوەكان وزەی زۆرتر و ئەرێنی تر پەیدا دەكات و ئەوكات ژیانیش بەها و مانایەكی جوانتر و خۆشتر دەبەخشێت بە هەموومان، بۆیە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتانیش لە كۆمەڵگه‌كەماندا جوانتر دێتە پێش چاو و لە زۆر ڕووەوە هاوشان و هەمیش هاوكار دەبێت لەگەڵ پیاواندا.

پەیوەندی خانمان لەگەڵ وەرزشدا
سنوور حەسەن گوتی: ڕۆژ دوای ڕۆژ و ساڵ دوای ساڵ، خانمان زیاتر پەیوەندیمان پێوە دەكەن و لە گرووپەكانی شاخەوانی و لەشجوانی و وەرزشەكانی تردا نمایشی توانا و بەهرەی خۆیان دەكەن، سەرجەم خانمانیش بەبێ جیاوازی ڕەنگ و بیر و ناوچەی جوگرافی، مافی ئەوەیان هەیە بێنە نێو گرووپەكانمانەوە و ئێمەش زۆر بە خۆشحاڵیەوە پێشوازیان لێدەكەین.

ناوبراو ئومێدی خواست، كە سەرجەم ئافرەتانی نیشتمان، پابەندی بەها باڵاكانی وەرزش بن و لە هۆڵدا بێت یان لە دەرەوە، پابەندی پاراستنی ژینگەی وڵات بن بۆ ئەوەی بتوانین بە هەموومان گەلێكی ئارام و سەرفراز و نیشتمانێكی جوان و ڕەنگین بنیات بنێین. لە كۆتاییدا ئومێدەوارم كچان و ئافره‌تانی وڵاتەكەم بتوانن هاوشانی ئافرەتانی تری جیهان خولیا و بەهرەكانیان پێشبخەن و خزمەتی خۆیان و خەڵك و خاك بكەن.