سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەیەکی هەولێر لێدا و لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت، بۆ پشتیوانیی قوتابیان و مامۆستایان درێغی ناکات.
بە بەشداریی ملیۆنێک و 750 هەزار قوتابی، زەنگی یەكەم ڕۆژی وەرزی نوێی خوێندن 2026-2027 لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لێدرا. بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 236 قوتابخانەی نوێ دروستكراون و دوو هەزار و 650 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە قوتابخانەی گڵۆباڵ لە هەولێر، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە وتارێکدا بۆ قوتابیان وتی، کوردستان چاوەڕێی ئێوەیە، ئێوە دەبنە کەسی گەورە و کاریگەر و داهاتووی ئەم وڵاتەن، ئێوەن بڕیار دەدەن کە داهاتووی ئەم وڵاتە بە چ ئاراستەیەک بڕوات.
– وتیشی، گرنگیی بەخوێندنی خۆتان بدەن، مرۆڤدۆست بن، مامۆستا و کەسوکاری خۆتان خۆشبووێت، ڕێز لە هەموو چین و توێژەکان بگرن، شار و وڵاتی خۆتان پاک ڕابگرن و ژینگەی وڵاتی خۆتان بپارێزن.
– سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیشیکردەوە، دەبێت قوتابیان نیشتمانپەروەر بن، چونکە ئەم وڵاتانە بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدان و پێشمەرگەیە دەبێت وڵاتی خۆمان خۆشبووێت، چونکە ئێمە بە سەربەرزیی وڵاتەکەمانەوە سەربەزین.
– لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی خۆڕاگری مامۆستاکانی کرد، کە لە هەموو قۆناغەکاندا بەردەوام بوون لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆڵەکانی نیشتمان.