وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوایەکی جیهانی بۆ پێدانی زانیاری لەسەر هاوکارە داراییەکانی ئێران دەردەکات و پاداشتی دارایی پێشکەش بە زانیارییدەران دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، داوایەکی جیهانی بلاوکردەوە و رایگەیاند، هەر کەسێک زانیاریی هەیە لەسەر ئەو تۆڕە داراییانەی کە یارمەتی ئێران دەدەن لە خۆدزینەوە لە سزاکان، پەیوەندی بکەن. لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی دارایی کە ئامانج لێی بڕینی سەرجەم دەرچە داراییەکانی کۆماری ئیسلامییە، وەزارەتەکە بەڵێنی پاداشتی دارایی بەو کەسانە دەدات کە زانیاری کاریگەر پێشکەش دەکەن، بێ گوێدانە شوێن یان شوێنی کارەکەیان لە جیهاندا.
بێسێنت لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی “وەزارەتی گەنجینە ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی دارایی دەستپێکردووە بۆ پچڕاندنی هەموو هێڵە داراییەکانی ئێران و هاوکارەکانی، هەر بۆیە من بانگەوازێکی نوێم بۆ دەرکردووە بۆ ئەوانەی زانیارییان لەسەر هاوکارییکارانی ئێران هەیە و ئاسانکاریان بۆ دەکەن.”
ئەم بانگەوازە پەرەپێدانێکی گەورەی سیستەمی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکەیە. لە جیاتی ئەوەی تەنیا پشت بە دەزگا هەواڵگری و یاساییەکانی ئەمریکا ببەسترێت، بێسێنت بە ئاشکرا هاووڵاتیانی ئاسایی، کارمەندانی کەرتی دارایی، کرێکارانی کەرتی گواستنەوە و هەر کەسێکی تر لە سەرانسەری جیهاندا ئاگادار دەکاتەوە و بەشداری ئەم هەڵمەتەیان پیدەکات، بەتایبەت ئەوانەی زانیاری راستەوخۆیان هەیە لەسەر چۆنیەتی گواستنەوەی پارە، داهاتی نەوت و دارایی ئێران لە رێگەی سیستەمی جیهانییەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا.
بانگەوازەکە بە تایبەتی ئاراستەی ئەو کەسانە کراوە کە لەو شوێن و تۆڕانەدا کار دەکەن کە ئاسانکاری بۆ خۆدزینەوەی سزاکانی ئێران دەکەن، لەوانە: کارمەندانی بانکی، بەڕێوەبەرانی سەکۆکانی دراوی دیجیتاڵی، کارمەندانی کۆمپانیاکانی گواستنەوە، بازرگانانی نەوت و ناوەندە داراییەکان لە وڵاتانی وەک چین، ئیمارات، تورکیا، هۆنگ کۆنگ و سەنگاپور؛ کە لە چالاکییەکانی پێشووی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا وەک ئەو شوێنانە دەستنیشان کراون کە تۆڕە سێبەرە داراییەکانی ئێران تێیدا کار دەکەن.