سهرهتا وتار شۆڕشی مەزنی ئەیلوول گڕکانێکی مێژووییە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستاندا
کاروان محەمەد سینۆ
شۆڕشی نەتەوەیی و مەزنی ئەیلوول (١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ – ١٩٧٥)، کە بە ڕابەرایەتی و بڕیاری مێژوویی ڕابەری مەزنی نەتەوەکەمان، مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، وەڵامێکی کەتوار بوو بە سیاسەتی ستەمکاری، پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەک لەدواییەکی عێراقەوە. ئەم شۆڕشە مەزنە بزووتنەوەیەکی چەکداریی و قەڵایەکی پۆڵایین بوو بۆ پاراستنی قەوارە، بوون وشکۆی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستان.
زەمینەسازی و پاشخانی سیاسیی هەڵگیرسانی شۆڕش
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقدا هات. لە سەرەتادا، ئەم گۆڕانکارییانە تیشکێکی هیوایان خستە سەر پرسی مافە نەتەوەییەکانی میللەتی کورد و لە گرنگترین دەستکەوتەکان، جێگیرکردنی ماددەی سێیەمی دەستووری کاتی عێراق بوو، کە تیایدا بە ڕوونی دانی بەوەدا نا کە (کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا و مافە نەتەوەییەکانیان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا پارێزراوە). هاوکات، لە سایەی گەڕانەوەی سەرۆکی پارتی، مستەفا بارزانی، پاش ١٢ ساڵ لە ئاوارەیی سەخت لە یەکیتی سۆڤیەت، مۆڵەتی فەرمی بە پارتی دیموکراتی کوردستان درا وەک هێزێکی سیاسیی سەرەکی لە گۆڕەپانی عێراقدا کار بکات.
بەڵام ئەم دۆخە پڕ لە هیوایە زۆری نەخایاند و دەسەڵاتی ناوەندی ئەوکاتی عێراق زوو پهشیمان بوونەوە. ماددەی سێیەمی دەستوور پشت گوێ خرا، خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردییەکان ڕاگیرا، چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی سیاسی و ئەدەبی بە زمانی کوردی قەدەغە کرا، و ئەفسەر و فەرمانبەرە کوردەکان بە کۆمەڵ لە دامودەزگاکانی سەربازی و کارگێڕیدا دەرکران. حکوومەت بۆ تێرکردنی ئارەزووی شۆڤێنییەکان و دەرەبەگەکان، کەوتە گیانی جووتیاران و خەڵکی ڕەنجکێشی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک داکۆکیکەری ڕاستەقینەی مافەکانی گەل، سەربەرزانە ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە چەوتە بووەوە. ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی فەرمی و دەنگی ڕەسەنی پارتی، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٠دا، ڕووپەڕی خۆی بۆ خستەڕووی ڕاستییەکان تەرخان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی عورفی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازادی کرد. لە بەرامبەردا، حکوومەت لە ٢٨ی ئاداری ١٩٦١ بە ژمارە ٤٦٢ ڕۆژنامەی خەباتی داخست و سەرنووسەرەکەی دادگایی کرد، چونکە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی بابەتێکی بڵاو کردبووەوە کەتێیدا خەباتی بارزانیی نەمری پەسن و بەرز نرخاندبوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی پارتی جارێکی دیكه پەنا بۆ خەباتی نهێنی بباتەوە.
هەوڵە ئاشتیخوازەکان و بڕیاری پۆڵایینی بەرگریی پارتی
سەرۆک مستەفا بارزانی، لە پێناوی گەیشتن بە ڕێگهچارەی ئاشتییانە و ڕەواندنەوەی گرژییەکان، سەردانی مۆسکۆی کرد و پاشان لە شوباتی ١٩٦١ لە بەغدا چاوی بە عەبدولکەریم قاسم کەوت. سەرۆک هەموو بەڵگەکانی نیازپاکیی کوردی خستە ڕوو، بەڵام کەلەڕقی و شۆڤێنیزمی دەسەڵاتدارانی بەغدا هیچ دەرچەیەکی تری بۆ گەلی کورد نەهێشتەوە. هەر بۆیە لە سەرەتای ئاداری ١٩٦١ بارزانیی نەمر بەغدای بەجێهێشت و گەڕایەوە دەڤەری بارزان.
حکوومەت دەستی کرد بە پڕچەککردنی جاش و گرووپە ملهوڕەکانی خۆی و لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی فەرمانی خۆئامادەکردنی بۆ بەرگری دەرکرد.
له بەرەبەری هەڵگیرسانی گەردەلووی شۆڕشی ئەیلوولدا، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ١٩٦١دا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی مەترسیداری ئەوکات. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا دەرفەتێکی کۆتایی بە دەسەڵاتی بەغدا بدرێت؛ بە جۆرێک یاداشتێکی فەرمی و ڕوون ڕادەستی عەبدولکەریم قاسم بکرێت.
لە ٣٠ی تەممووزی ١٩٦١دا، ئەو یاداشتە کە بانگەوازێکی راشکاوانەی ئاشتی بوو بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، گەیەنرا دەست سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ تێیدا جەخت لەسەر ئاشتی، گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو کرابووەوە. بەڵام عەبدولکەریم قاسم، بە بێباکییەکی سیاسییەوە، گوێی بەو دەنگە ژیرانەی ئاشتیخواز نەدا، دەرئەنجامیش دۆخەکەی بەرەو پێکدادانی سەربازیی برد.
لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٦١، مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستان بە سەرکردایەتیی پارتی ڕێکخرا، ئەمەش نیشانەی هێز و یەکڕیزیی جەماوەری کوردستان بوو.
سەرباری هەموو هەوڵە ئاشتیخوازەکان، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ سوپای عێراق دەستی کرد بە بۆردمانکردنی ناوچەکانی دەربەندی بازیان، دۆڵی خەڵەکان و دەوروبەری دهۆک. لێرەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیاری مێژوویی ڕووبەڕووبوونەوەی دەرکرد و شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی ڕاگەیاند.
خۆڕێکخستنەوە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش
شۆڕش لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا توانی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات. لە شوباتی ١٩٦٢، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە گوندی عەوداڵانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەسترا و تێیدا ناوی پیرۆزی “پێشمەرگە” بۆ تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی هەڵبژێردرا و دروشمی (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بەرز کرایەوە. هێزی پێشمەرگە کە لەشکری رزگاریی کوردستانی پێکهێنابوو، توانی زۆرینەی خاکی کوردستان جگە لە ناوهندی شارە گەورەکان رزگار بکات.
لە ٢٨ تا ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٦٤، لە قەڵادزێ و پاشان لە گوندی گردەسپی، کۆبوونەوەیەکی مەزن بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و بە بەشداریی سەرکردایەتیی پارتی، فەرماندە سەربازییەکان، پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆزە نیشتمانپەروەرەکان بەڕێوە چوو، کە تێیدا “ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە كوردستانی عێراق” دامەزرا. ئەم ئەنجوومەنە بوو بە پایەیەکی گرنگ بۆ بەڕێوەبردنی کارگێڕی، دادوەری، سەربازی و ئابووریی ناوچە ئازادکراوەکان و ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ئاراستە دەکرا.
پیلانگێڕییەکانی دەستەی مەکتەبی سیاسی
لە جەرگەی شۆڕش و لە کاتێکدا گەلی کورد سەرقاڵی داکۆکیکردن بوو لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، لە تەممووزی ١٩٦٥ گرووپەکەی مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد لە ئێرانەوە گەڕانەوە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٦دا لە هەڵگەڕانەوەی شۆڕشی ئەیلوول چوونە پاڵ حکوومەتی عێراق و لە دژی شۆڕشی ئەیلوول وەستانەوە، کە ئەمەش خەنجەرێکی ژەهراوی بوو لە پشتەوەی شۆڕش و پێشمەرگە درا.
داستانی مەزنی هندرێن و شکستپێهێنانی پلانی (توکلت علی الله)
دوای ئەوەی عەبدولڕەحمان عارف بوو بە سەرۆک کۆمار و عەبدولڕەحمان بەزاز سەرۆکوەزیران، بە پشتیوانیی لادەرانی مەکتەبی سیاسی، حکوومەت هەستی بە باڵادەستی شۆڕشی جەنابی بارزانی کرد. وەزیری بەرگریی عێراق، عەبدولعەزیز عوقەیلی، پلانی سەربازیی بە ناوی (توکلت علی الله) لە ٣ی ئایاری ١٩٦٦دا بۆ تێکشکاندنی شۆڕش و گرتنی چیاکانی هندرێن و زۆزک دەست پێ کرد. بەڵام دڵسۆزیی پێشمەرگە و متمانەی تەواو بە ڕابەرایەتی جەنابی بارزانی بوو بە هەوێنی یەکێک لە گەورەترین و درەوشاوەترین داستانەکانی مێژووی کورد؛ داستانی مەزنی هندرێن لە ١٢ی ئایاری ١٩٦٦دا. لەم داستانە نەمرەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی ڕابەری نەمر مستەفا بارزانی، پەلاماری سوپای عێراق و جاشەکانی دا و تێکیشکاند و نیشانی جیهانیاندا کە هێزی ئیرادەی گەلی کورد لە هەموو پلانی شۆڤێنی بەهێزترە. ئەم سەرکەوتنە مەزنە حکوومەتی عێراقی ناچار کرد کە سەرەنجام لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٦دا بەیاننامەی ئاشتی و داننان بە بەشێک لە مافەکانی کورد ڕابگەیێنێت.
شایانی باسە.. قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٥، یەکێکە بوو لە و قۆناغانەی کە پڕترین هاوکێشە سیاسی و سەربازییە ئاڵۆزەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان تێیدا ڕوویاندا. لەو ماوەیەدا، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی، سەرەڕای پیلانگێڕییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، توانی وەک قەڵایەکی پۆڵایین بەرامبەر شاڵاوە یەک لە دوای یەکەکان بوەستێت و شکۆ و خاکی نەتەوەیی کورد بپارێزێت.
پیلانگێڕییەکانی حکوومەت و ڕووداوەکانی پاش هندرێن
دوای شکستخواردنی سوپای عێراق لە جێبەجێکردنی پلانی سەربازیی ناسراو بە (توکلت علی الله) و داستانی مەزنی هندرێن، حکوومەتی عێراق ڕێگەی تری گرتە بەر. حکوومەت هەوڵیدا لە ڕێگەی کردنەوەی بارەگا و پێدانی چەک بە جاشەکان، بەتایبەت گرووپەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆن، کە لە شۆڕش هەڵگەڕابوونەوە، بۆ ئەوەی پلانەکانی دژی شۆڕش جێبەجێ بکات. جاشەکان بوونە چاوساغ و جێبەجێکاری سیاسەتە شۆڤینییەکانی ڕژێم. لە لایەکی دیکەشەوە، حکوومەت بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی جیهانی، هەوڵی ناردنی شاندی خۆی دەدا بۆ دانوستان لەگەڵ شۆڕش و پێشوازی لە شاندەکانی شۆڕش دەکرد لە بەغدا؛ لەوانە سەردانی عەبدولڕەحمان عارف بۆ بەرزێو بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٦، و دواتر سەردانی ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمی ١٩٦٧.
لەم قۆناغەدا سەرکردایەتیی شۆڕش بۆ بەهێزکردنی لەشکری پێشمەرگە، خولی سەربازیی جۆراوجۆری کردەوە و لە ١٧ی نیسانی ١٩٦٧ کۆنگرەی سەربازیی کانی سماق بە سەرپەرشتیی سەرۆک مستەفا بارزانی بەسترا و تێیدا دەستوورێک بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی شۆڕش پەسەند کرا. هەرچەندە حکوومەت لە کاتی سەردانەکەی تاهیر یەحیا بۆ لای بارزانی لە ئابی ١٩٦٧ بەشێک لە بەڵێنەکانی جێبەجێ کرد و گوندەکانی ناوچەی دوبزی گەڕاندەوە بۆ خاوەنە کوردەکان، بەڵام زۆری نەخایاند پەیوەندییەکان گرژیی تێکەوتەوە، چونکە حکوومەت لە داماڵینی چەک لە جاشەکان پاشگەز بووەوە و سوپا پشتیوانیی جاشەکانی دەکرد. ئەمە وای کرد هێزی پێشمەرگە بۆ سزادانی جاشەکان بجووڵێت، بەڵام لەسەر داوای سەرۆک کۆمار و بە مەبەستی پێشگرتن بە خوێنڕێژی، هێرشەکان ڕاگیران.
کودەتای ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨ و هەڵکشانی خەباتی پێشمەرگە
لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨، ڕژێمی عەبدولڕەحمان عارف لەلایەن حزبی بەعسەوە کودەتای بەسەردا کرا و ئەحمەد حەسەن بەکر بوو بە سەرۆک کۆمار. دەسەڵاتی نوێی عێراق سیاسەتێکی دووڕووانەی گرتە بەر؛ لەلایەک نزیکبوونەوەی لە شیوعییەکان دەست پێ کرد و لەلایەکی دیكهوه گرنگیی زیاتری بە جاشەکان دا بۆ لێدانی هێزەکانی شۆڕش. کاتێک جاشەکان هەوڵیان دا بە هاوکاریی سوپا دەست بەسەر قەرەداغدا بگرن، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٨ هێزەکانی شۆڕشی ئەیلوول (خەبات، ڕزگاری و دەشتی هەولێر) نێردرانە قەرەداغ و ناوچەکەیان لە جاش پاک کردەوە.
بۆ پووچەڵکردنەوەی سەرچاوەی داهاتی ڕژێم کە بۆ لێدانی شۆڕش بەکار دەهات، لە ٢ی ئاداری ١٩٦٩ هێزەکانی شۆڕش هێرشێکی سەرکەوتوویان بۆ سەر کێڵگەی نەوتی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک ئەنجام دا.
پاشان لە هاوینی ١٩٦٩ شۆڕش ڕووبەڕووی شاڵاوێکی فراوانی سوپا و جاش بووەوە لە گەرمیان و قەرەداغ، کە تیایدا پێشمەرگە ناچار بە پاشەکشێ بۆ چیای سورداش کرا. بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی پێشەوای نەمر خۆیان ڕێکخستەوە و لە داستانی گرتک لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٩ و پاشان لە شەڕەکانی مەرگە، پیرەمەگروون و سورداش، شکستێکی قورسیان بە سوپای عێراق گەیاند. ئەم شکستانە ڕژێمی بەعسی ناچار کرد مل بۆ گفتوگۆ بدات.
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠؛ دەستکەوتە مێژووییەکەی شۆڕش
شکستی یەکلاکەرەوەی سەربازیی بەعس و پووکانەوەی تواناکانیان، حکوومەتی ناچار کرد بڕیاری ئاشتی بدات. دوای چەند مانگێک لە دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی شۆڕش و حزبی بەعس، و پاش سەردانی سەدام حوسێن (جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لەو کاتەدا) بۆ ناوپردان و دیداری لهگهڵ سەرۆک مستەفا بارزانی، لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە گەورەترین دەستکەوتی سیاسیی شۆڕش بوو، کە تیایدا بۆ یەکەمجار حکوومەتی عێراق بە فەرمی دان بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا نا.
هەڵگەڕانەوەی بەعس لە ڕێککەوتننامە و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی
بەداخەوە، ڕژێمی بەعس وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی، لە بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە و لە ٢٦ی ئاداری ١٩٧٤ تاکلایەنە گفتوگۆکانی ڕاگیرا و شەڕ دەست پێکرایەوە. لەم قۆناغەدا شۆڕش پشت بە هاوکاریی حکوومەتی شاهەنشایی ئێران دەبەست، لە کاتێکدا شای ئێران محەمەد ڕەزا پەهلەوی تەنها وەک کارتێک بۆ فشارخستنەسەر عێراق لەسەر پرسی ڕووباری شەتولعەرەب مامەڵەی بە دۆزی کورد دەکرد و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە نهێنی پاڵپشتیی ئەم هاوکێشەیە بوو.
لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥، لە کۆنفرانسی نەوتی ئۆپێک لە جەزائیر، بە ناوبژیوانیی هواری بومیدیان، ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام حوسێن و شای ئێران واژۆ کرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتننامە ناپاکە، ئێران لە بەرامبەر دەستکەوتنی بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی شەتولعەرەب، ڕەزامەندی دەربڕی لە داخستنی سنوورەکان و بڕینی هەموو هاوکارییەک لە شۆڕشی ئەیلوول و ئابڵووقەدانی گەلی کورد.
نسکۆی ١٩٧٥؛ خۆڕاگری و بڕیاری مێژوویی مانەوە
کاتێک هەواڵی ڕێککەوتننامەی جەزائیر گەیشت، سەرۆک مستەفا بارزانی کە بۆ دانوستان لە تاران بوو، موحسین دزەیی ناردە حاجی ئۆمەران بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش و پێشمەرگە. نێردراوی سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە لە ١ی نیسانەوە ئێران سنوورەکان دادەخات و هاریکاریی شۆڕش ڕادەگرێت، سەرۆک بارزانی بژاردەی خستە بەردەم سەرکردایەتی کە ئایا ئاوارەی ئێران ببن یان درێژە بە شەڕ بدەن.
سەرکردایەتی و زۆرینەی پێشمەرگە بڕیاریان دا کە خۆیان نەدەن بە دەستەوە و درێژە بە خەبات و شەڕی پارتیزانی بکەن. بەڵام دوای سەردانی زێنەڵ مەنسوورپوور (نوێنەری شای ئێران) بۆ لای سەرۆک بارزانی و هەڕەشەی ئەوەی کە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، سوپای عێراق بە هاوکاریی ئێران خاکی کوردستان خاپوور دەکات، سەرۆک بارزانی لە پێناوی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە، بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی شەڕی دەرکرد. لە ٢٥ی ئاداری ١٩٧٥دا، بەشێکی زۆر لە پێشمەرگە و هاووڵاتییان ڕوویان لە ئاوارەیی کرد و هەندێکیش لە کوردستان مانەوە، بەمەش قۆناغێکی سەختی شۆڕش کۆتایی هات و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی خۆیان بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانی ئامادە کرد، کە دواتر بە شۆڕشی گوڵان ناودێر کرا.
سەرچاوەکان:
1)- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنهوهی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨- ١٩٦١، بهرگی دووهم، (٢٠١٢).
2)- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١- ١٩٧٥، بهرگی سێیهم، بهشی یهكهم، (ههولێر – چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده – ٢٠٠٤ز).
3)- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، بهرگی سێیهم، بهشی دووهم، (ههولێر ـ چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده ـ ٢٠٠٤ز).
4)- ئەرشیفی ڕۆژنامەی خەبات (زمانحاڵی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان) سەبارەت بە شۆڕشی ئەیلوول و داستانەکانی، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار و کۆبوونەوە و سەردان و دانوستانەکان.