ڕۆژاڤا لە نێوان لێکترازانی ناوخۆیی و گۆڕانکاریی هەرێمایەتیدا

908

فەرهاد حەبەش
دۆزی میللەتی کورد یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆزەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە سووریا، بەهۆی ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەی بینیوە، سەرەڕای پێگەی جیۆپۆلەتیکیی سووریا. کورد لە سووریا بە قۆناغێکی سیاسیی هەستیاردا تێدەپەڕێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ئامادەیییەکی سیاسیی و دانپێدانانێکی ڕێژەیی بە دۆزی کورد بەدی هات، بەڵام ئەم ئامادەیییە ڕەنگە بە شێوازێکی نیگەرانکەر پاشەکشە بکات بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانەش بەرژەوەندییە پەیوەندیدارەکان بە گۆڕانکارییە استراتيژيیەکانی دەوڵەتە کاریگەرەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا.

هەروەها ئەم دۆزە کاریگەریی لەسەر دروست بوو بەهۆی پێکدادانە هەرێمایەتییەکانەوە بە شێوازێکی تایبەت نیگەرانییەکانی تورکیا و سووریا، ئەوەش دۆزی کوردی کردە کاغەزێک کە لە چوارچێوەی ڕکابەریی هەرێمیمدا بەکاربهێنرێت، ئەو بابەتەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی هەبوو لەسەر توانای بەدیهێنانی مافەکانی کورد، بەتایبەت مافی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان لە چوارچێوەی فیدراڵییەت یان خۆبەڕێوەبەریدا. هۆکارێکی تریش بۆ ئەمە زیاد دەبێت، کە بریتییە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد، نەبوونی یەکڕیزیی ماڵ و پەیوەندییە ئایدۆلۆژی و فیکرییە جیاوازەکان، کە بەشدار بوون لە لاوازکردنی دۆز و داواکارییەکانی کورد لە سووریا، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.

دەکرێت ئەوەش بگوترێت کە پاشەکشە و لاوازیی هەڵوێستی کورد لە سوریا، پەیوەندیی هەیە بە گۆڕانی پێگەی سووریا لە ناو جەمسەرەکانی ڕکابەریی نێودەوڵەتیی و گواستنەوەی لە بازنەی نفوزی ڕووسییەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بوونە خاوەنی ئامادەیی و کاریگەرییەکی زیاتر. ئەوەش دەسەڵاتی ڕاگوزەری لە سووریای ناچار کرد کە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و دەوڵەتە گەورەکاندا سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە، بە شێوازێک کە گونجاو بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەم گۆڕانکارییانەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان هەبوو لەسەر پێگەی دۆزی کورد و توانای لە پاراستنی دەستکەوتە سیاسییەکانیدا.

نەبوونی ئامادەییی سیاسیی کورد مانای لاوازیی ڕەوایی دۆزی کورد ناگەیەنێت، بەڵکو بە پلەیەکی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ لێکترازانی سیاسیی، نەبوونی یەکڕیزی و بڕیارێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی کورد، شانبەشانی پێکدادانە هەرێمی و نێودەوڵەتییە بەردەوامەکانی ناوچەکە.

لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بزاڤی سیاسیی کورد ڕەخسا بۆ ئەوەی دۆزەکەی وەک دۆزێکی نیشتمانیی سووریایی بخاتە ڕوو، کە پەیوەست بێت بە بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەلایەن کە دان بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی دەنێت. حزب و هێزە سیاسییە کوردییەکان دەیانتوانی بارودۆخە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بەکار بهێنن، بەتایبەتی لەپێناو بنیادنانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و دیدگایەکی سیاسیی روون و خستنەڕوو دۆزی کورد لەسەر مێزی دانوستانەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانەوە. بەڵام ناکۆکییە حزبییەکان، بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان و فرەیی مەرجەعە سیاسییەکان، بوونە هۆی لاوازکردنی هەڵوێستی کورد و بەشێکی گەورەی توانای کاریگەریی دۆزەکەیان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان لەدەست دا.

پاش گۆڕانکاری و ڕووداوە هەرێمی و خودی سوریا و ئەنجامەکەی دۆزی کورد لە سووریا گەیشتە کوێ بەتایبەتی لە ڕۆشنایی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریای ڕاگوزەر، کە بەشدار بوو لە پەراوێزخستنی ڕۆڵی حزب و لایەنە سیاسییەکان بە شێوازێکی گەورە، دۆزەکە لەسەر حیسابی لایەنە سیاسیی و نیشتیمانییەکانی، بە شێوازێکی پەرەسەندوو گۆڕا بۆ مەسەلەیەک کە خاوەنی ڕەهەندی سەربازی و جوگرافییە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتنە لە ئەنجامی گوشارە دەرەکییەکانەوە هات کە لەسەر هەردوو لایەن پیادە کران، بەڵام لە بەشێکیدا، بەشدار بوو لە لاوازکردنی هەندێک لە هۆکارەکانی هێز و بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆڵی حزبە سیاسییە کوردییەکان لە درێژایی ساڵانی قەیرانی سووریادا نەگەیشتە ئەو ئاستەی کە داوا دەکرا، لە ئەنجامی ئاڵۆزی و ناکۆکییە ڕێکخراوەیی و ئایدۆلۆژییەکانەوە و ڕێکنەکەوتن لەسەر دیدگایەکی سیاسیی توندوتۆڵ و ڕوون کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات. بۆیە سەرجەم هێزە سیاسییە کوردییەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەڵدەگرن بەرامبەر پاشەکشەی دۆزەکە و لاوازکردنی و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتیی دیموکرات، بەهۆی خاوەندارێتیی نفوزی سەربازیی و سیاسیی لە کوردستانی سووریا و خۆبەخشین بە تەنیا لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا بەبێ بەشدارییەکی واقعی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی ترەوە، کە ئەوەش لە زۆرێک لە لایەنە سیاسیی و کارگێڕییەکاندا شکستخواردوویی خۆی سەلماند.

لەم قۆناغە نوێیەی مێژووی دۆزی کورد لە سووریا، پێویستیی یەکخستنی هەوڵ و دیدگاكان و سەرلەنوێ خستنەڕووی دۆزی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی و ڕێکخستنەوەی لەپێشینە سیاسییەکان و گواستنەوە لە قۆناغی کاردانەوە و ڕکابەرییە پێشووەکانەوە بۆ قۆناغی یەکخستنی بڕیاردانی کوردی، جا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێت یان لەسەر ئاستی سووریا خۆی دەنوێنێت.
دۆزی کورد لە سوریا دۆزێکی ڕوایە، بەڵام ڕەوایی دۆزەکە بە تەنیا بەس نییە. ئەوەی کە ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی بریتییە لە یەکڕیزی، ڕوونیی دیدگا و ئازایەتیی سەرکردایەتییەکان لە تێپەڕاندنی حساباتە حزبییە بەرتەسکەکان و خستنەڕووی دۆزەکە بە شێوازێکی شایستە و کارا لەسەر مێزی دانوستان، شانبەشانی بەهێزکردنی هۆکارەکانی هێزی سیاسیی، دیپلۆماسیی و کۆمەڵایەتی.

چونکە داهاتووی دۆزی کورد ناتوانرێت لە ڕێگەی بڕیاری پەرتبوو و هەڵوێستی جیاوازەوە بنیاد بنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی ئیرادەیەکی سیاسیی کوردیی هاوبەشەوە دەبێت، کە توانای پاراستنی مافەکان، بەهێزکردنی ئامادەییی کورد، مامەڵەکردنی واقعبینانە لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی داهاتوویەکی سیاسیی کە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتیی فرەلایەندا مسۆگەر بکات، بێت.

توێژەری سیاسیی و تایبەتمەند لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکاندا