سهرهتا وتار ئاهەنگگێڕانێکی “میسری” بۆ دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی
حوسێن متوەلی
ئاهەنگی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە بە بۆنەی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەرەکەی، مسعود بارزانی، تەنیا دەربڕینێکی میسری نەبوو بۆ دووپاتکردنەوەی گرنگی و خۆشحاڵی میسرییەکان بەم بۆنەیەوە؛ بەڵکو بەشداریی کارایان زۆر لەوە قووڵتر بوو کە تەنیا میوانداری و پیرۆزباییەک بێت لەپێناو گرتنی وێنەی یادگاریدا.
کاریگەریی ئامادەیی پارتی لە نێوان میسرییەکاندا، لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل، ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی ڕاستەقینەی هەرێم و عێراق لە دۆخە ئاڵۆزەکاندا و پشتیوانیکردنی ڕەوەندی عێراقی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئاشکرایە، کە باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە، د. قەحتان تەها، لە وتارەکەیدا لەبەردەم کەسایەتییە پەرلەمانی، سیاسیی و ڕاگەیاندن و ئاکامیدیادا دووپاتی کردەوە؛ هەڵبەت بەڕیزیان کەسایەتییێەکە کە بە باشی نرخ و گرنگی ئەم ڕۆڵی کورد لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و عێراق لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و جەماوەری دەزانێت.
هاوکاتبوونی ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک مسعود بارزانی لەگەڵ ڕێزلێنانی بە میدالیایەکی جیهانی وەکوو یەکێک لە دیارترین بانگەشەکارانی ئاشتی و لێبووردەیی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، ئەوەی سەلماند کە ڕووداوەکەی قاهیرە دەربڕینی شانازیی میسر بوو بەم ڕەمزە نەتەوەییەی میللەتی کورد. ئەوەی لە ناو ئاهەنگەکەدا ڕوویدا، لە ڕاستیدا ناساندنێکی میسری بوو بە مێژوو و خەباتی سەرۆک مسعود بارزانی. بەڕێز شێرکۆ حەبیب پێشانگایەکی وێنەییی دەگمەنی بۆ ڕەمزە کوردەکان ئامادە کردبوو، بەتایبەت مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک مسعود بارزانی.
بەشێوەیەکی خۆڕسک، پەرلەمانتاری میسری عاتف مەخالیف و مێژوونووسانی میسری لە دەوری کۆبووبوونەوە و لەگەڵ د. قەحتان تەها و میوانەکان پێشوازییان لە ئامادەبووان دەکرد تا مێژووی وێنەکانی پێشانگهکە ڕوونبکاتەوە؛ بەتایبەتی ئەو وێنانەی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر و سەرۆک جەمال عەبدولناسر لە قاهیرەی ساڵی ١٩٥٨ و وێنەی سەرۆک مسعود بارزانی و سەرۆکی کۆچکردوو حوسنی موبارەک لە ساڵی ٢٠٠٩دا پێکەوە کۆدەکاتەوە.
کەشوهەوای جۆش و خرۆشی میسری کە بەسەر ئاهەنگەکەدا زاڵ بوو، وای کرد چالاکییەکان کاتێکی درێژتر لە ئاسایی بەردەوام ببن. میوانە فەرمییە عێراقی، کورد و میسرییەکان ئاڵوگۆڕی دیالۆگی جددی و بونیادنەرانەیان کرد دەربارەی ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و هەولێر. ئەمەش بەتایبەت دوای وتاری بەڕێز شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە قاهیرە هات، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد و عێراقییەکان لە میسر مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، تا ئەو ڕادەیەی قوتابییانی کورد و عێراقی لە کەشێکی خێزانیدا دەرکەوتن کە هەستکردنیان بە غوربەت ڕەواندبووەوە.
ئەم بۆنە گەورەیەی قاهیرە، ئەوەی سەلماند کە نوێنەرایەتیی کورد لە میسر لەڕێی نووسینگەی پارتییەوە، ڕۆڵێکی دیپلۆماسییانەی کارا و دەگێڕێت کە هاوشانە لەگەڵ دیپلۆماسییەتی جەماوەری. ئەمەش پێویستی بەوەیە دوای تێپەڕبوونی هەشت دەیەی تەمەنی پارتی، وەبەرهێنانی زیاتر لەم پەیوەندییە جەماوەرییە میسری-کوردییەدا بکرێت بۆ گەیشتن بە نوێنەرایەتییەکی بەهێزتر و فەرمیتر.
سەردانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ قاهیرە و پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی، سەرەتایەکی خێر و پیرۆز بوو بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان کە لەسەر دیدگایەکی هاوبەشی هەردوو سەرکردایەتی بنیادنراوە. دیپلۆماسییەتی جەماوەری و حزبی کە پارتی لە ساڵانی دواییدا لە قاهیرە پیادەی کردووە، ڕێگەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان خۆشکردووە.
پیرۆز بێت لە گەلی کورد، پارتی دیموکرات و سەرۆک بارزانی. بە هیوای ئەوەی خودا عێراق و کوردستان بپارێزێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بگێڕێتەوە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووسی میسری