هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد کە گێچەڵی سێکسیی کردبووە سەر ئافرەتێک لە شاری هەولێر.

ئەمرۆ شەممە 29/8/2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە: “دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیی ئافرەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، کە لەلایەن کەسێکی ماتۆڕسوارەوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، گێچەڵی سێکسیی بەرامبەر کرابوو؛ لەسەر ئەم ڕووداوە، لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەكمانەوە دەست بە بەدواداچوون کرا و ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کرا، بە ناوی (ع. م. أ).”

ئاماژە بەوەش کراوە: “دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری ناوبراو لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.”

هەروەها ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و زانیاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە.