سهرهتا وتار عەلی زەیدی و چەکی میلیشیاکان.. ئایا ٣٠ی ئەیلوول دەبێتە ڕۆژی یەکلاکردنەوە؟
شێرکۆ حەبیب
هەرچی ڕێكهوتی کۆتایی ئەو مۆڵەتەی بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان لە عێراق دیاری کراوە، نزیکتر دەبێتەوە، گرنگیی ئەم بابەتەش زیاتر دەبێت. کێشەی چەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەت چی تر تەنیا بابەتێکی ئەمنی نییە کە بتوانرێت لە حكوومهتێکەوە بۆ حكوومهتێکی تر دوا بخرێت، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانی دەسەڵات و ههیبەتی دەوڵەتی عێراق.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٣٠ی ئەیلوول، چەندین پرسیار بەجددی دێنە ئاراوە، ئایا حكوومهتی بەڕێز عەلی زەیدی توانای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی هەیە؟ ئایا مۆڵەتەکە درێژ دەکرێتەوە؟ تا چەند لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوکاریی حكوومهت دەکەن؟ و ئەمهریکا و هێزە دەرەکییەکان لەم پرۆسەیەدا چ ڕۆڵێکیان دەبێت؟
ئەمە پرسیارن و وەڵامەکانیان هێشتا بە ئاسانی دیار نییە. بۆیە ئەو ڕێكهوتهی حكوومهتی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دیاریکردووە، واتە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ڕێكهوتێكی ئاسایی نییە.
ئەم ڕێكهوتە تاقیکردنەوەیە، تاقیکردنەوەی ئەوەی ئایا حكوومهتی عێراق دەتوانێت بڕیارەکانی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکاندا جێبەجێ بکات، یان هێز و چەک هێشتا لە بڕیاری سیاسی بەهێزترن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەمە نییە کە عەلی زەیدی دەیەوێت چەکی میلیشیاکان کۆبکاتەوە یان نا.
پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە، ئایا دەوڵەتی عێراق توانای ئەوەی هەیە چەک لە دەستی ئەو گرووپانە دابماڵێت کە خۆیان ئامادە نین دەستی لێ هەڵبگرن؟ ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان بڕیار و جێبەجێکردنی بڕیارە. لە عێراقدا کێشەکە تەنیا گرووپێکی چەکدار نییە.
چەندین پێکهاتە و گرووپی چەکدار هەن، هەر یەکەیان حساب و پەیوەندی و بەرژەوەندیی سیاسی و سەربازیی خۆیان هەیە. هەندێک لەوانە باس لە ئامادەبوونیان بۆ گۆڕینی شێوەی کاریان یان تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن، بەڵام هەندێکی تریان هێشتا بە ڕوونی دژی دەستبەرداربوون لە توانای سەربازیی خۆیانن، ئەمەش ئەرکی عەلی زەیدی قورستر دەکات. ئەگەر ٣٠ی ئەیلوول هات و چەکی میلیشیاکان هێشتا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بمێنێتەوە، ئەوا کێشەکە تەنیا سەرکەوتن یان شکستی حكوومهت نابێت، بەڵکوو پرسیارێکە لەسەر ههیبەتی خودی دەوڵەت.
لەو کاتەدا پرسیارێکی تریش دێتە پێشەوە، ئایا حكوومهت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەچێتە ناو پێکدادانی سەربازی؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا مەترسییەکە زۆر گەورەیە، چونکە هەنگاوێک کە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ههیبەتی دەوڵەت لە خۆ دەکریت، نابێت ببێتە هۆی خوێنڕشتن و نائارامییەکی نوێ لە عێراق، بۆیە سەرکەوتنی عەلی زەیدی تەنیا بەوە پێوانە ناکرێت کە چەکی میلیشیاکان کۆ دەکاتەوە یان نا، بەڵکوو بەوەش پێوانە دەکرێت کە چۆن ئەم کارە دەکات، بەبێ ئەوەی عێراق بخاتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی نوێ.
بە بۆچوونی من، بۆ گەیشتن بە ئەم ئامانجە سێ بنەمای سەرەکی پێویستن:
یەکەم: بڕیارێکی سیاسیی یەکگرتوو.
دووەم: پشتگیرییەکی یاسایی و دەستووریی بەهێز.
سێیەم: دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی بڕیاری دەوڵەتیان هەبێت.
ئەم پرۆسەیە نابێت تەنیا بکرێتە بەرپرسیارێتیی سەرۆکوەزیران. ئەمە کێشەی هەموو عێراقە.
پەرلەمان، حكوومهت، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەموویان بەرپرسیارن، عێراق پێویستی بە دەوڵەتێک هەیە کە تێیدا یەک سەرچاوەی بڕیاری سەربازی، یەک سیستەمی ئەمنی و یەک یاسا هەبێت و ئەمەش تەنیا بە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا دەکرێت. کاتێک هێزێکی چەکدار لەناو دەوڵەتدا هەبێت، بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵی فەرماندەیی و بڕیاری یەکگرتووی دەوڵەتدا نەبێت، ئەوا ئەوە تەنیا کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکوو گرفتێکە بۆ خودی مانای دەوڵەتە.
لە لایەکی تریشەوە، نابێت ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان لەم بابەتە پشتگوێ بخرێت. بەشێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان پەیوەندییەکی نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە و ئەمە وایکردووە بابەتی چەک تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی نەبێت، بەڵکوو بەشێک بێت لە هاوکێشەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، بەڵام عێراق ئەگەر بەڕاستی دەیەوێت دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بێت، نابێت ببێتە مەیدانی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران و نابێت چەکی گرووپە چەکدارەکان ببێتە کارتی گوشاری هیچ لایەنێکی دەرەکی.
خەڵکی عێراق پێویستیان بە شتێکی زۆر سادە هەیە: دەوڵەتێک کە یاسا تێیدا لەسەرووی هەمووان و سەروەر بێت و هیچ هێزێک لەسەرووی دەوڵەت نەبێت. لەبەر ئەوە، ٣٠ی ئەیلوول تەنیا کۆتاییی مۆڵەتێک نییە، دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت. ئەگەر بەڕێز عەلی زەیدی بتوانێت بڕیارەکەی بە شێوەیەکی یاسایی، سیاسی و ئارام جێبەجێ بکات، ئەوا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ههیبەتی دەوڵەت و جێگیرکردنی بنەمای سەروەریی یاسا. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێكهوته تێپەڕێت و چەک هەر لە دەرەوەی دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە، ئەوا پرسیارێکی گەورەتر لە عێراق دەکرێت: کێ بڕیار لە عێراق دەدات، دەوڵەت یان چەک؟
لە کۆتاییدا عێراق پێویستی بە سەرۆکوەزیرێک نییە کە تەنیا لەگەڵ میلیشیاکاندا سەرکەوتوو بێت، بەڵکوو عێراق پێویستی بە دەوڵەتێکە کە بەسەر هەموو هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسادا سەرکەوتوو بێت.
٣٠ی ئەیلوول تەنیا ڕێكهوتێك نییە، تاقیکردنەوە بێت بۆ ئەوەی بزانین بڕیاری کۆتایی لە عێراقدا لە دەستی دەوڵەتە، یان هێشتا چەک قسەی کۆتایی دەکات!