سه‌لام عه‌بدوڵڵا
دوو هه‌فته‌ی دیكه بۆ دوو ساڵ ده‌چێت هه‌ڵبژاردن كراوه و تائێستا نه حكوومه‌ت و نه په‌رله‌مان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار نه‌بووه كه بۆشاییه‌كی گه‌وره و گرانی به‌رانبه‌ر گه‌له‌كه‌مان و ده‌ره‌وه‌ش نواندووه كه ده‌بێت ئیدی له‌وه زیاتر ئه‌و گرفته بێ چاره‌سه‌رو سازان مل نه‌نێت، چونكه گه‌ر به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا مه‌ترسیی گه‌وره له ڕێگه‌ی هه‌موو لایه‌كمانه و هه‌موومان تێدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین.
گرفتی گه‌وره كه ئێستا بووه‌ته ڕێگر له چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌دا، سووربوونی برایانی (ی.ن.ك)ه، كه ده‌یانه‌وێ جۆره مۆدێلێك به‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمدا بسه‌پێنن كه پێشینه‌ی نه‌بووه، ئه‌ویش پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كه ده‌بوو هاوپه‌یمانیی بێت پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ڕه‌نگه ئه‌م جۆره هاوپه‌یمانییه له هه‌ندێك وڵات ئاسایی بێت ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌بێ به ده‌ستوور و بڕیار و یاسا بێت و جۆر‌و چوارچێوه‌ی بۆ دیاری بكرێت كه تا ئێستا له هه‌رێم هیچ یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی بوونی نییه، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م جاره هه‌ڵسوكه‌وت به پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكرێت و له‌مه‌ودوا له‌نێو په‌رله‌مان و به بڕیاری زۆرینه چاره‌سه‌ر و چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ دیاری بكرێ كه له‌مه‌ودوا هیچ گرفتێك بۆ هاوپه‌یمانی پێش هه‌ڵبژاردن دروست نه‌كات.
ئێستا كه برایانی یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و سازانه‌یان پێكه‌وه كردووه و ده‌یانه‌وێت پێكه‌وه هاوپه‌یمان بن، با ئه‌و هه‌وڵه له‌نێو خودی په‌رله‌مانی هه‌رێمدا له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی بده‌ن كه ئێستا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن خاوه‌نی (38) كورسین، ئه‌وا ده‌توانن له‌نێو په‌رله‌مان و له‌نێو لایه‌نه‌كانی تری په‌رله‌ماندا زۆرینه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و بیكه‌نه بڕیارێك كه له‌مه‌ودوا هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پێش هه‌ڵبژاردن ده‌توانن هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نێك یان چه‌ندین لایه‌ن پێكبهێنن و زۆرینه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
ئێستا هه‌رێمه‌كه‌مان له چركه‌ساتێكی زۆر چاره‌نووسسازدایه و كاتی ئه‌و ململانێ بێهوده‌یه نییه. ناحه‌زانی ئه‌م ئه‌زموونه زۆر خۆشحاڵن به‌م ناته‌باییه و شه‌و و ڕۆژ له‌كاردان بۆ بنكۆڵكردنی ئه‌م ده‌ستكه‌وته كه بووه‌ته قیبله‌نمای هه‌موو گه‌لی كورد له‌هه‌ر كوێ بن.
با ئه‌م ده‌ستكه‌وته مه‌زنه كه ته‌نیا بۆ كوردی باشوور نییه بهێڵین له‌سه‌رپێی خۆی و به تۆكمه‌یی و یه‌كگرتوویی بمێنێ و دڵی دوژمنانی پێخۆش نه‌كه‌ین.
هه‌لی زۆرمان له‌مێژوودا له ده‌ستداوه با هه‌ڵه دووباره نه‌كه‌ینه‌وه. چیتان ده‌وێت با له‌نێو په‌رله‌مانه‌كه‌ماندا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و چاره‌سه‌ری بۆ دیاری بكه‌ین كه به بڕوای ئێمه ئه‌و ئه‌ركه هه‌ر به بوونی ده‌ستوورێك ده‌بێ بۆ هه‌رێم كه ئیدی مۆڵه‌ت به دروستبوونی گرفتی له‌و بابه‌ته نه‌دات، بۆیه ئه‌و كاره‌ش هه‌ر به ده‌ستوور و یاسا و بڕیاری په‌رله‌مان ده‌كرێت.
برایان، له ناته‌باییدا، وه‌ك ده‌بینین، هه‌موو ده‌كه‌وینه به‌ر هێرشی ناحه‌زان، ئه‌وه‌تا ڕۆژانه به چاوی خۆمان ئه‌و هێرشانه ده‌بینین.
له كۆتاییدا ده‌ڵێین پێكه‌وه‌سازان ئه‌و گرێكوێریه‌ی ئێستا چاره‌سه‌ر ده‌كات.