لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا، پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەیەکی ڕەها پڕۆژەیاسای لێبووردنی سنوورداری بۆ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەسەند کرد. ئەم بڕیارە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پرۆسەی ئاشتی و هەوڵە سیاسییەکان دەبینرێ، کە تورکیا خۆى پێی دەڵێت: “تورکیایەکی بێ تیرۆر”.

  دووشەممە، ١٠ى ئابی ٢٠٢٦، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، پڕۆژەیاسای ناسراو بە “بەهێزكردنی تەبایی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی، خرایە دەنگدانەوە:

کۆی گشتیی دەنگەکان: لە کۆی 600 پەرلەمانتار، 468 دەنگی بەڵێ، 88 دەنگی نەخێر تۆمار کران و 6 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.

پشتگیریی سیاسی: پڕۆژەکە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی دیموکراتی گەلان (DEM Parti)ـەوە پاڵپشتیی لێ دەکرا و پێشتر لە 8ی ئاب لەلایەن لیژنەی دادی پەرلەمانەوە پەسەند کرابوو.

پڕۆژەیاساکە لە 12 بڕگەی سەرەکی پێک هاتووە و ئامانج لێی هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و داڕشتنی ژێرخانێکی یاساییە بۆ قۆناغی دوای چەکدانانی پەکەکە. خاڵە سەرەکییەکانی بریتین لە:

ئازادکردنی بەندکراوان: چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 3,500 بەندکراو ئازاد بکرێن، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی ئەو بەندکراوانەی بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە لە زیندانەکاندان.

ڕاگرتنی سزاکان:

سزای ئەوانەی حوکمەکانیان کەمتر لە 15 ساڵە، بۆ ماوەی 5 ساڵ دوا دەخرێت.

ئەوانەی سزاکانیان لە 15 ساڵ زیاترە، بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕادەگیرێت، بەمەرجێك لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی تری پەیوەست بە تیرۆر ئەنجام نەدەن.

ماوەی سوودمەندبوون: دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا، تەنیا شەش مانگ دەرفەت دەدرێت بۆ سوودمەندبوون لەم یاسایە.

مەرج و سنووردارکردنەکان:

سوودمەندبووان بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ لە مافی کارکردنی سیاسی و حزبی بێبەش دەکرێن.

یاساکە بە هیچ شێوەیەک سەرکردایەتیی پلە یەکی پەکەکە، ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی بە ئەنقەستدا هەبووە، یان ئەو تاوانانەی پێش ساڵی 2005 بە سزای هەتاهەتاییەوە ئەنجام دراون، ناگرێتەوە.

ئەم بڕیارە 18 مانگ دوای داواکارییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە دێت کە لە شوباتی 2025دا داوای لە چەکدارەکانی کردبوو چەک دانێن.

هەرچەندە یاساکە دۆسیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی (77 ساڵ) ی لاداوە و جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، جەودەت یەڵماز جەختی کردەوە کە کەیسەکەی ناکەوێتە چوارچێوەی ئەم یاسایەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوبراو لە پێگەیەکدایە دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات.

پەیوەست بەم پرسە، پێشتریش دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاندبوو: ئۆجەلان دەتوانێت لە “مافی ئومێد” کەڵک وەرگرێت.