ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانی لە 10 ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکردەوە، ئەمەش بەمەبەستی هاوتاکردنی سیستەمەکە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

  ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە گۆڕانکاریی گەورە لە ماوەی مۆڵەتەکەدا کراوە و لەمەودوا ئەو مۆڵەتە 10 ساڵییەی کە پێشتر بە 2 قۆناغی 5 ساڵی دەدرا، نامێنێت و زۆرترین ماوەی مۆڵەت تەنیا 2 ساڵ دەبێت. لە ئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7000 فەرمانبەر مۆڵەتی بێ مووچەی درێژخایەنیان وەرگرتووە.
  بەپێی بڕیارە نوێیەکە، وەزیر و سەرۆکی ئەو دەستانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراون، دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران بدەن، بەو مەرجەی کۆی ماوەی مۆڵەتەکە لە 2 ساڵ تێپەڕ نەکات. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتدایە، بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەتی خانەنشینی هەژمار ناکرێت.

حکومەت کارکردنی بە بڕیاری پێشووی ژمارە 38ـی ساڵی 2015 ڕاگرتووە، بەڵام بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو فەرمانبەرانەی کە ئێستا لە مۆڵەتدان، تاوەکوو کۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتەکەیان بەپێی ڕێنماییە کۆنەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام دوای ئەوە جارێکی دیکە مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە. ئەم بڕیارەش دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.