جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەکەی وروژاند و رایگەیاند، کە ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکایە، بەڵام بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی: “ئێرانییەکان خەڵکێکی یەکجار سەختن و سیستەمێکی لێکترازاوایان هەیە؛ هەندێکیان جەنگیان دەوێت و هەندێکی تریان دەیانەوێت کۆتایی پێ بێت”، جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا هەموو ئامرازە سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە لایەکی دیکەوە، ڤانس ئاماژەی بە دابەزینی نرخی نەوت کرد کە گەیشتووەتە 79 دۆلار و رایگەیاند کە ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەبێت. وتیشی: “ئێمە لە ناوەڕاستی یارییەکەداین و ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئەمریکا دەبن”.

لەبارەی دۆخی ئابووری ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، جەی دی ڤانس رەخنەی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی 40 ساڵی رابردوو گرت و رایگەیاند کە لە ماوەی 18 مانگدا هەموو شتێک چاک نابێتەوە، سەبارەت بە کەنەداش، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ئەو وڵاتە “زۆر خراپە”.