هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕایگەیاند، پێویستە داهاتەکان زیاد بکرێن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانیش بەردەوام بن، دوای 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵیش هەموو سیمایەکی چەکداری بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هاوپەیمانێتییەکەدا بڕیاریدا داواش لەلایەنەکان بکات لە تەواوکردنی کابینەی حکومەتدا پەلە بکەن.

 شەوی ڕابردوو بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان و دۆخی ناوچەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی، هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ دووپاتکردەوە، هۆشداریشیدا کە ئەم گرووپانەی دەرەوەی یاسا بەم ڕەفتارانەیان ئاسایشی وڵات دەخەنە مەترسییەوە و بەپێی دەستووری دەبێت ڕووبەڕوویان ببینەوە.

  بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە هێرشە هاوبەشەکەی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە 29ـی مانگی ڕابردوودا سەرکۆنە کرا، لە هەمان کاتدا ڕاگەیەنرا کە دوای 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ گرووپەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکرێت.

٠ لەبارەی دۆخی دارایی و ئابووریش، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەپێویستی زانی ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆئەوەی خزمەتگوزاری و پرۆژە بنەڕەتییەکانی خەڵک بەردەوام بن، ئەوە جگە لە پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ فرەجۆرکردنی ڕێگاکانی هەناردەی نەوت، زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەهەدەردان، قاچاخچێتی و گەندەڵی.

٠ پەیوەست بە دۆخی ناوچەکە و کابینەی نوێش، هاوپەیمانێتییەکە داوای گفتوگۆ لەجیاتی جەنگی لە لایەنە ناکۆکەکان کرد و ئامادەیی عێراقیشی دەربڕی تا ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت بە ئامانجی لێک نزیکردنەوەی بۆچوونەکان، داواشی کرد لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی فیدراڵ، لە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی نوێی حکومەتدا پەلە بکەن.