بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 230 هەزار بەرمیلەوە بۆ 20 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە.

 عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە، تیشکی خستە سەر دۆخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی دوای داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکەوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە بەهۆی جەنگ و بەئامانجگرتنی کێڵگەکانی کوردستانەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە 230 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ تەنیا 20 هەزار بەرمیل کەم بووەتەوە، هاوکات هەناردەی نەوتی عێراقیش لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە بۆ 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەرزترین ئاستدا.

 سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت، بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەماهەنگیی نێوان عێراق و تورکیا هۆکار بووە بۆ بەردەوامیی هەناردە لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە کە توانای ڕۆژانەی دەگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.

نەوتی بەسرەش لەگەڵ نەوتی کەرکووک یەکدەخرێت و بە هێڵی جەیهاندا هەناردە دەکرێن کە بڕەکەی 750 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەوەش ڕۆژانە یەک ملیۆن یەکە (لیتر/بەرمیل) هەناردەی تورکیا دەکرێت. سۆمۆ پێی باشە فرۆشتنی نەوت بە تورکیا بەردەوام بێت، چونکە بەهۆی بوونی بۆریی ئامادەوە تێچووەکەی کەمە و تەنیا 1 دۆلار و 62 سەنتە بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش کرێی کارپێکردن، گواستنەوە، عەمبارکردن و نۆژەنکردنەوەش لەخۆ دەگرێت.

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی نزار ئاشکرای کرد کە هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێگەی سووریاوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن تۆنی ڕۆژانە، و داهاتەکەشی لەو ڕێگەیەوە زیاترە لەو داهاتەی پێش داخستنی گەرووی هورمز هەبووە. هەروەها تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بۆ وڵاتانی ناوچەکەش، پێشنیازی کرد کە دەکرێت کوێت بۆریی نەوتی عێراق بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا وەک جێگرەوەی گەرووی هورمز بەکاربهێنێت.