نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووەیا پێشوازی لێکرا. پرسەکانی پەیوەست بە هاوبەشیی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا تاوتوێ کراوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا لە کۆشکی شەعب (کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا) لە دیمەشق، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا باسی پرسەکانی پەیوەست بە هاوبەشیی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا کراوە.
٠ هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هاوکار بووە لە لەیەکتر نزیکبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، ئێستاش ڕۆڵیکی کاریگەر لە تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە نێو دامەزراوەکانی سووریا دەگێڕێت و هەرێمی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ دەبێت لە سەقامگیری لە سووریا.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و چۆنیەتی زیاتر بەهێزکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بەتایبەت لە بواری ئابووریدا تاوتوێ کراوە.
٠ گفتوگۆ لەسەر دۆخی ناوچەکە و ئەو پرسانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن کراوە، ئەویش بەجۆرێک بۆ پشتیوانی ئاسایش و ئارامی و پتەوکردنی هەماهەنگی هەرێمی هاوکاربێت.










