ئەمڕۆ دووشەممە 2026\7\27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم، نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆری بەنزین.
دووەم، پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێمی كوردستان و ڕێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا. هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.
سێیەم، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە ، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی ڕێژەی %12.67ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.
چوارە،: ڕێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.