سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگای ههولێر (یەكێكە لەو دامەزراوانەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشێندراوەتەوە) ئاماژه بهوه دهكات كه ئهو بڕە نهوتهی دیاریكراوه بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لە بەنزین و نەوتی سپی و گازوایل، كهمه و به شێوهیهكی فهرمی داوا له بهغدا كراوه كه دهبێت ئهو بڕه زیاتر بكرێت.
د. عهلی رهشید گوتی: “فراكسیۆنی پارتی بە نووسراوی فهرمی له پهرلهمانی عێراقهوه داوای له بهغدا كردووە كە بڕی ئهو 50 ههزار بهرمیل نهوتهی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ تەرخان دەكرێت، زیاتر بكرێت و بڕی نەوتی تەرخانکراو لە لایەن بەغداوە بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کەمە و پێداویستیی بازاڕ پڕ ناکاتەوە.”
باسی لەوەش كرد كە حكوومەتی فیدرالیی عێراق كاتێك بەنزینی نۆرماڵ بە ٤٥٠ دینار دەداتە خەڵك، لە بودجەی سیادیی عێراقی پارەیەكی زۆر بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو بەنزینە خەرج دەكات، ئەو بودجە سیادییەش پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، كەچی ئەوان هیچ پاڵپشتییەكی سووتەمەنی لە كوردستان ناكەن، ئەمەش مانای وایە كە ئەو پارەیەی لە بودجەی سیادی دەبوایە بۆ پاڵپشتیكردنی سووتەمەنی لە كوردستان خەرج بكەن، بۆ ناوچەكانی تری عێراق خەرجی دەكەن.
گوتیشی: ”فراكسیۆنی پارتی له بهغدا داوایان لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە، بڕی نەوتی دابینکراو زیاد بکات، چونکە پێداویستیی رۆژانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین دەگاتە نزیکەی حەفت ملیۆن لیتر بەنزین، ئەم بڕە تەرخانکراوەی ئێستا زۆر کەمترە لە ئاستی داواکاریی راستەقینەی شۆفێران و پاڵاوگە ناوخۆییەکان.”