وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: خۆشحاڵە بەڕاگەیاندنی داتای پسوولەکانی مانگی پێنج لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی. زۆرینەی هاووڵاتیان لە مانگی پێنج ماوەی خوولی پسوولەکەیان نزیکەی 41 ڕۆژە.
لە درێژەدا وردەکاریی زانیارییەکانی خستووەتە ڕوو بەم شێوەیە:
خشتەی یەکەم: نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارهێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە لە مانگی پێنج.
کەمتریان بۆ گەڕاوەتە لە (دینار)
کوردستان: 38,000
هەولێر: 43,000
سلێمانی: 32,000
دهۆک: 41,000
هەڵەبجە: 30,000
کەمتریان بەکارهێناوە لە (کیلۆوات کاتژمێر)
کوردستان: 550
هەولێر: 610
سلێمانی: 465
دهۆک: 620
هەڵەبجە: 423
دەشڵێ: تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاوڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی. بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاوڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسروور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی
وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.