پێوەرێك بۆ هەمووان

171

عارف ڕوشدی
پێشینانمان جوانیان فەرمووە: «پیاو بە ئیشە، نەک بە ڕیش». ئەم پەندە مێژووییە واتا و مەغزایەكی قووڵی هەیە و تەنیا گوزارشت لە ڕەفتاری تاکەکان ناکات، بەڵکوو باشترین پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزە سیاسییەکان و کابینە و یەكە کارگێڕییەکان. پێوەرە بۆ ئەدای حزبی سیاسی و حكوومەت و دەوڵەتدارییش، پێوەرە بۆ سیاسەتی ڕاستەقینەی نیشتیمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی، چونكە هەموویان بەم پێوەرە دەتوانن پشتیوانی و متمانەی خەڵک و جەماوەر بەدەست بهێنن. جوانترین و ڕاستترین نموونەی زیندووش لەم هاوکێشەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە سەلماندوویانە کار و پڕۆژە مەیدانییەکان باشترین وەڵامن بۆ نەیاران و نیشانەی ڕاستگۆیین لەگەڵ جەماوەر.
پڕۆژە بەردەوام و نوێیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو کێشە دارایییەكان، کۆسپ و تەگەرە ساردکەرەوەکان، بە شێوەیەکی بەردەوام خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە، ئەوانەی ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدان یان تازە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، گەواهی کارایی ئەم کابینەیەن.
لەم ڕۆژانەی دواییدا، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی عەنکاوە)ـی کردەوە کە سیمایەکی شارستانیی نوێ دەبەخشێتە ناوچەکە. هاوکات لە کەرتی تەندروستیدا، بەردی بناغەی کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی دەرمان لە زاخۆ دانرا، شانبەشانی دانانی بەردی بناغەی باخچەیەکی گەورە و مۆدێرن لە شەقڵاوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار.
لەسەر ئاستی ژێرخانی ڕێگاوبانیش، کارە ئەندازیارییە باڵاکان لەسەر ڕێگای کۆیە-هەولێر بە خێراییەکی بەرچاو بەردەوامن و پڕۆژەی ڕێگای باعەدرێ-دهۆکیش گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، وەک چۆن ڕێگای دوکان-هیزۆب لە کۆتاییهاتن دایە. لە هەڵەبجەی شەهیدیش، کارگەی کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بۆ لێکدانی پارچەکانی ئۆتۆمبێل کرایەوە، کە هەلی کار و بووژانەوەی ئابووری لە شارەكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕووی سەربازی و ئەمنیشەوە، پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک خولێکی هاوبەشی ڕاهێنان بە سەرپەرشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمه‌ریکا بۆ هەردوو فەرماندەی (١ و ٢) دەستیپێکردووە.
حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی بژێویی جووتیارانیشدا پێشەنگ بووە، بۆ کەمکردنەوەی زەرەری دارایی بەهۆی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی بەغدا لەسەر وەرنەگرتنی گەنمی ئەمساڵ، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا بە هاوئاهه‌نگی کەرتی تایبەت تەواوی گەنمی جووتیاران بکڕدرێتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، بنیاتنانی مزگەوتی گەورەی «بارزانی نەمر» لە هەولێری پایتەخت دەبێتە شاکارێکی کولتووری و ئایینی مەزن. هەروەهاش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە و بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزب، لە پارێزگای دهۆک ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بەکۆمەڵ بۆ ٤٠٠ گەنج ڕێکدەخرێت و بڕی ١٠ ملیۆن دینار بۆ هەر بووک و زاوایەک دابین دەکرێت.
بەم شێوەیە، حکوومەتی هەرێم بەبێ خۆهەڵکێشان و دروشمبازی، سەرقاڵی خزمەتە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزە ڕەسەن و خەمخۆرەکە، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە نیشتیمانییەکەی لەپێناو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆی هاوسەنگ و بەرهەمدار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.