وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 7 ترلیۆن 700ملیار دینار کورتهێنان لە نێوان داهات و خەرجییەکاندا هەبووە.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2019 تا 2025 دا، بەپێی داتاکانی کۆتایی لە خشتەی تەرازووی پێداچوونەوەدا لە ساڵی 2019 تا 2025، دەردەکەوێت کورتهێنانی ساڵانە لە هاوسەنگی کۆی گشتیی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ڕوونیشیکردەوە کە کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ کۆی پارەناردنی حکوومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵە بریتییە لە 84 ترلیۆن 800 ملیۆن دینار، بەڵام لە بەرامبەردا کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکان دەکاتە 87 ترلیۆن و 500 ملیۆن دینار.

ڕاشیگەیاند، بەوە دەردەکەوێت کە 2 ترلیۆن و 700 ملیۆن دینار کورتهێنان هەبووە، ئەوە سەرەڕای هەژمار نەکردنی مووچە نەدراوەکان کە بووەتە قەرز لەسەر حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خەرجی تری هەڵپەسێردراو لە ماوەی ساڵانی 2019 تا 2025 کە بریتییە لە خەرجی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران و شایستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە قەبارەی کورتهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

1- کۆی داهاتی نەوتی لە ساڵی 2019 تا مانگی 3ـی 2023 کە هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، نزیکەی 22 ترلیۆن 500 ملیۆن دینار بووە ، کە دەکاتە ڕێژەی 44% کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی لە 26%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

2- داهاتی گومرگ و دەروازەکان، 9 ترلیۆن و 500 ملیۆن دینار بووە بە ڕێژەی 19% لەکۆی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی  لە 11%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

3- داهاتی باج و خانووبەرەی میریی کۆی گشتی 5 ترلیۆن 400 ملیۆن دینار بوو بە ڕێژەی 11% لەکۆی گشتیی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی لە 6%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

4- داهاتەکانی تر، 13 ترلیۆن 800 ملیۆن دینار بووە ، بە ڕێژەی 27% لە کۆی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی لە 16%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

کۆی گشتیی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی 2019 تا 2025 تەنها ڕێژەی 59%ـی کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکانی پێکهێناوە.

واتە کۆی داهاتی ساڵانە (نەوتی و نانەوتی) نەیتوانیووە خەرجییە گشتییەکانی (کرداری) هەرێمی كوردستان پڕ بکاتەوە، لە ئەنجامدا کورتهێنانی ساڵانەی یەک لە دوای یەک ڕوویداوە.