سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتیی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد، لە دیدارەكەشدا سەرۆكی حكوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستن و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 23/6/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتیی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد كە پێكهاتبوو لە زیاد ئەبولەتیف، ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا لە پارتی پارێزگاران و پەرلەمانتار ئەحمەد حسێن لە پارتی لیبراڵ و وەزیری پێشووتری هەردوو وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی و کۆچ و پەنابەران.

شاندەکە کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکانی گرووپەکەیان لە پەرلەمانی کەنەدا و ئامانجی سەردانەکەیان خستە ڕوو کە بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی کەنەدایە.

شاندەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانەکە، سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری کەنەدای کرد، خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشخستن و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا دووپات کردەوە.