ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، مزگەوتەکە دیزایینێکی سەرنجڕاکێش و جیاوازی دەبێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر نزیک ڕێگای هەولێر – کۆیە دادەنێت. مزگەوتەکە لەسەر ڕووبەرێکی زۆر فراوان دروست دەکرێت، کە جێگای دەیان هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە و گەورەترین قوبە و دەرگای دەبێت.

– پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری دوو ملیۆن مەتر دووجا بونیاد دەنرێت، تەلارسازیی مزگەوتەکە بە دیزاینە سەرنجڕاکێشەکەی هاوشێوەی شارێکی خزمەتگوزارییە، بەمەش دەبێتە گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

– مزگەوتەکە چەند ڕیکۆردێکی جیهانیی دەشکێنێت، لەوانە: گەورەترین گومبەت لەخۆدەگرێت، بەرزترین دەرگای تێدایە لەسەر ئاستی جیهان، لەگەڵ بوونی گەورەترین هۆڵی بۆنە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان.

– بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتیە لە باخچە و دارستانی تایبەت، کە زیاتر لە یەک ملیۆن درەخت لە خۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکرنی گەورەترین  تاڤگەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان بە بەرزی 48 مەتر.

– لە ڕووی تەلارسازییەوە، باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی ڕەشماڵی کوردی دیزاین کراوە، سرووشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندانەی بارزانیی نەمر ڕەنگی داوەتەوە.

 سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەکاتی دانانی بەردی بناغەی مزگەوتەکە ڕایگەیاند، ئەم مزگەوتە تەنیا شوێنێک نابێت بە خواناسانی بەڵکو دەبێتە شوێنێک تا خزمەت بە پێکەوەژیانی ئایینی و نیشتمانی بکات.

– سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، وەک وەفایەک بۆ ڕێزلێنان لە گەورەترین ڕابەری نیشتمانیمان ناوی مزگەوتەکەمان کردنە ‘مزگەوتی گەورەی بارزانی’.

هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن، هۆلی بۆنە ئاینییەکان، منارە، باخچەی مزگەوت کە جێگای زیاتر لە 700 هەزار كەس دەبێتەوە. گەورەترین کاتژمێری تیشکی خۆر، گەورەترین مافووری بەدەست چنراو لەسەر ئاستی جیهان، بەرزکەرەوە بۆ بەرزترین ئاستی منارە بەردەستە بۆ سەیرکردنی تەواوی شاری هەولێر. لەگەڵ هەبوونی هۆڵی کۆنفرانس، کتێبخانە و مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی.