خەبات: تریفە ئازاد:- پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو لە هەولێر، پڕۆژەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو کە توانرا لە ماوەیەکی پێوانەییدا جێبەجێ بکرێت و بەو هۆیەوە سیمای کێشەکە لەو گەڕەکانە بە تەواوی بگۆڕێت. شاری هەولێری پایتەخت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەشەکردنی بەرفراوانی جوگرافی و زیادبوونی خێرای دانیشتوان بووەوە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستە سەر سێکتەری خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. لە کاتێکدا لە هاوینانی ڕابردوودا بەشێک لە گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکە بەدەست کەمیی ئاوەوە دەیناڵاند، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژە خێرا و ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، بەتایبەت «پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو»، توانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروست بکات و دڵەڕاوکێی کەمئاوی لەسەر شانی هاووڵاتیان لابدات.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كێشەی كەمئاوی سەد لە سەد تەواو بووە و تۆڕەكانی ناوەوەش نزیكەی 450 كیلۆمەتر لەگەڵ پرۆژەكانی ناو شاری هەولێر دەبەستێتەوە، نێوانی پرۆژەكە لە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری هەولێر و 150مەتری و بەشێكی ناو 120 و بەشێكی تری لە سنووری 150 مەتری و دەرەوەی 150مەتری، بۆ ئەو شار و شارۆچكانەی چواردەوری شاری هەولێر وەك قەزای بنەسڵاوە و ناحیەی دارەتوو و كەسنەزان و شاوێس و پیرزین بەحركە و قەزای عەنكاوە لەخۆ دەگرێت، ئەمانە هەموو ئیش و كارەكانی تەواو بووە دەتوانین بڵێین خۆشبەختانە هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە لەم شوێنانە، ئەو شوێنەی گرفتیشی هەبێت كاری تێدا دەكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەكە بە تەواوی چارەسەر بێت و ئامانجی خۆی بپێكێت.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: بۆ پرۆژەیەكی ئاوا گەورە و شارێكی گەورەی وەك شاری هەولێر بە ڕۆژێك و دوو ڕۆژ ئیش و كارەكانی تەواو نابێت، بەڵام ئەوەی ئێستا تیمەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێر دەیكەن ڕێكخستنی تۆڕەكانە لە هەر شوێنێك كێشەیەك هەبێت، ڕێكی دەخەن و چارەسەری دەكەن، دەكرێت بڵێین هیچ كێشەیەكی كەم ئاویمان لە شاری هەولێر نابێت، ئەگەر هیچ كێشەیەكی كارەبا یان كێشەیەكی تەنكنیكمان بۆ دروست نەبێت.

واقیعی پێشوو و پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا بوو
بۆ ماوەیەکی درێژ، شاری هەولێر بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە دوو سەرچاوەی سەرەکی دەبەست: پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز (یەک، دوو، و سێ) لەسەر زێی گەورە، لەگەڵ زیاتر لە دوو هەزار بیری ئاو لە ناو شارەکە و دەوروبەری. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، زۆربەی بیرەکان لە وەرزی هاویندا وشک دەبوون یان بڕی ئاوەکەیان کەم دەبووەوە.

ئەم دۆخە مەترسییەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر ئاسایشی ئاو لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و بە تایبەتیش گەڕەكی دارەتوو، ژین و ژیان و بنەسڵاوە و کەسنەزان و بەگشتی گەڕەکەکانی دەوروبەری شەقامی ۱۲۰ مەتری دروست کردبوو. لەو کاتەدا، کڕینی ئاو بە تانکەر بووبووە دیاردە، ئەمەش وایکرد حکوومەتی هەرێمی كوردستان و خوودی سەرۆكی حكوومەت مەسرور بارزانی بەپەلە بێتە سەر هێڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆنکرێتی.

پڕۆژەی فریاگوزاری؛ وەچەرخانێک لە خزمەتگوزاریی ئاوی پایتەختدا
لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، «پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر» خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژەیە وەک فریادڕەسێک بۆ ئەو ناوچانە هات کە ساڵانە لە هاویندا کێشەیان هەبوو.

پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی ئاو، وەڵامێکی خێرا و زانستی بوو بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیەی دانیشتوانی گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێر پێوەی دەناڵاند. ئەندازیار ئاری ئەحمەد دەڵێت: چیتر گوێبیستی قەیران یان كێشەی كەمئاوی نابین، ئەگەر گرفتێكی بچووكیش لێرەو لەوێ هەبێت، یاخود كێشەیەكی تەكنیكی ڕووبدات، تیمەكان بە خێرایی فریای دەكەون و چارەسەری دەكەن، داواكاری ئێمەش لە هاووڵاتییان تەنیا ئەوەیە ئاو بە فیرۆ نەدەن.

ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی ڕاکێشانی هێڵی نوێی بۆریی قەبارە گەورە و دروستکردنی عەمباری زەبەلاحی کۆکردنەوەی ئاو ئەنجامدرا، کە توانی بڕێکی زۆر لە ئاوی پاڵاووتراوی زێی گەورە ڕەوانەی ئەو گەڕەکانە بکات کە پێشتر تەنیا پشتیان بە ئاوی بیر بەستبوو.

کۆتاییهاتنی سەردەمی تانکەر
بەسەرکردنەوەی مەیدانیی گەڕەکەکانی دارەتوو، بنەسڵاوە، و گەڕەکەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر، دەری دەخات کە دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە و تەنانەت نرخی زەوی و خانووش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە. هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ئێستا بە ئارامییەوە پێشوازی لە وەرزی هاوین دەکەن، چونکە تۆڕەکانی ئاوی ماڵانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاوی پێدەگات. حەسەن سەید عەلی دانیشتوویەكی گەڕەكی ڕۆشنبیرییە و دەڵێت: كێشەكە چارەسەر بووە، بەهای خانووبەرە بەرزبۆتەوە و جاران هەموو كەس ئامادە نەبوو بێتە گەڕەكەكەی ئێمە، لەبەر كەمئاویی، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوویتەوە و تاكە ئەركێكیش لەسەر هاووڵاتی ئەوەیە، ئەم نیعمەتە بەفیرۆ نەدات.

کاروان عەزیز، دانیشتوویەکی ناحیەی دارەتوو، بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: «چەند ساڵێک لەمەوبەر، هاتنی هاوین بۆ ئێمە وەک کابوس بوو، چونکە بیرەکان وشک دەبوون و ناچار بووین پارەیەکی زۆر بە تانکەر بدەین. بەڵام دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو، ئێستا کێشەکەمان نەماوە و ئاوی خاوێنمان هەیە. ئەمە خزمەتگوزارییەکی گەورە بوو کە پێشکەش بەم ناوچانە کرا.

چاوەکان لەسەر پڕۆژەی ستراتیژیی ئیفراز چوارن
دوای سەرکەوتنی پڕۆژەی فریاگوزاری لە چارەسەرکردنی کێشە بەپەلەکان، ئێستا دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو پڕۆژەی ستراتیژیی درێژخایەن هەنگاو دەنێت، ئەویش پڕۆژەی ئاوی «ئیفراز چوار»ـە.

ئەم پڕۆژە زەبەلاحە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی ئاییندەی ئاوە لە پایتەختدا بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. شارەزایانی سێکتەری ئاو ئاماژە بەوە دەکەن، کە پڕۆژەی فریاگوزاری وەک چارەسەرێکی بنەڕەتیی و خێرا سەرکەوتنی گەورەی هێنا، بەڵام بۆ هێشتنەوەی ئەم سەقامگیرییە و داخستنی تەواوی بیرەکان، پڕۆژەی ئیفراز چوار دەبێتە گرەنتییەكی دیكە.

بەستنی پێوەرەکانی ئاو و چاکسازی لە تۆڕە کۆنەکان، هاوشانی ئەم پڕۆژانە بەردەوامە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو و دادپەروەری لە دابەشکردنیدا، تاوەکو ئەو سەرکەوتنەی لە پرۆژەی فریاگوزاریدا بەدەستهات، وەک دەستکەوتێکی هەمیشەیی بمێنێتەوە. سەرکەوتنی پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی ئاو لە شاری هەولێر، نموونەیەکی گەشاوەی پلاندانانی سەرکەوتووی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانییە، کە توانییان لە کاتێکی کەمدا کێشەیەکی گەورەی خزمەتگوزاری چارەسەر بکەن.

گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێر کە پێشتر بەدەست کەمئاوییەوە دەیانناڵاند، ئێستا بە تەواوی لەو کێشەیە ڕزگاریان بووە و پاراستنی ئەم دەستکەوتە، ئەرکی هاوبەشی حکوومەت و هاووڵاتیانیشە لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدان و زێدەڕۆیی، بۆ ئەوەی پایتەخت هەمیشە لە دابینكردنی ئاوی پاک پێشەنگ بێت و گەشەپێدان بەردەوام بێت.