بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا و ئێران لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنێک رێککەوتوون کە کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت. ئەمە دەقی هەر 14 خاڵەکەیە وەک خۆی:

چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاو کردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی “ئیسلام ئاباد” رێککەوتن بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەنێویشیاندا لوبنان.

بەپێی بەڵگەنامەکە، هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کە تێیدا گەمارۆکان هەڵدەگیرێن، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دادەمەزرێت.

بەڵگەنامە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا و ئێران کە بە “نیازپاکییەکی هاوبەش” وەسف کراوە، ئەم تەوەرە سەرەکییانە لەخۆ دەگرێت:

1- راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بە تایبەتی لە لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن پەنا بۆ هێز یان هەڕەشە نەبەن و سەروەریی خاکی لوبنان بپارێزن.

2- هەردوولا پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.

3- پابەندبوون بە ئەنجامدانی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا بە ئەگەری درێژکردنەوە بە رەزامەندی هەردوولا.

4- ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و هەموو ئاستەنگەکانی سەر ئێران و لە ماوەی 30 رۆژدا تەواوی دەکات. هەروەها ئەمریکا هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران دوور دەخاتەوە 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی.

5- ئێران گەرەنتی تێپەڕبوونی ئازاد و بێ باجی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ لە کەنداو و دەریای عومان دەکات. لە ماوەی 30 رۆژیشدا هەموو مینە دەریاییەکان پاک دەکاتەوە تاوەکو کەشتیوانی ئاسایی بێتەوە.

6- ئێران گفتوگۆ لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان دەکات بۆ رێکخستنی کاروباری کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە داهاتوودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تری کەنداو و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

7- ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پابەند دەبن بە داڕشتنی پلانێکی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری بۆ ئێران بە بڕی بەلایەنی کەمەوە 300 ملیار دۆلار.

8- ئەمریکا بەڵێن دەدات هەموو جۆرە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت (بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاژانسی ئەتۆمی و سزاکانی واشنتن) بەپێی خشتەیەکی کاتی کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا دیاری دەکرێت.

9- ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێستا لە رێگەی “تێکەڵکردن و روونکردنەوە لە شوێنی خۆی” لە ژێر چاودێری ئاژانسی ئەتۆمی کەم دەکرێنەوە.

10- تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی، “دۆخی ئێستا” وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ واتە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاتر ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.

11- وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی پێویست دەردەکات بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان، پترۆکیمیا و ئاسانکاریی بانکی و دڵنیایی.

12- ئەمریکا رێگە دەدات ئێران دەستبەجێ دەستی بە تەواوی دارایی و پارە سڕکراوەکانی بگات. بانکی ناوەندیی ئێران دەتوانێت ئەو پارانە بۆ هەر مەبەست و لایەنێک کە بیەوێت بەکاری بهێنێت.

13- دامەزراندنی میکانیزمێکی کارگێڕی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتە و پابەندبوونی لایەنەکان لە داهاتوودا.

14- دانوستانی کۆتایی لەسەر خاڵەکانی دیکە تەنیا لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە خاڵەکانی (1، 4، 5، 10 و 11) جێبەجێ کرابن. رێککەوتنی کۆتاییش دەبێت بە بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند بکرێت.