سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 15/6/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ، لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.

لەمبارەیەوە باڵوێزی بەریتانیا سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناو برد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.