وەزارەتی تەندروستی بڕیارێکی بۆ وەرگرتنی نەخۆش و حاڵەتی فریاکەوتن و بریندار لە نەخۆشخانەکانی تایبەت دەركرد و دەڵێت: “نابێت نەخۆش ڕەتبکرێتەوە، یان وەرنەگیرێت.”

بەپێی  نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 14ی 6ی 2026 دەرچووە، تیایدا هاتووە: “لەکاتی ڕەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بە تایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن و باری ناجێگیر و چاودێری چڕ، پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک بە ئەرکی وەرگرتنی نەخۆش هەڵبستێت و دەستبەجێ کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدات.”

جەخت كراوەتەوە:”نابێت نەخۆش ڕەتبکرێتەوە یان وەرنەگیرێت بەبیانووی نەبوونی شوێن یان نەبوونی چاودێری چڕ یان بەبیانووی ئەوەی کەوا نەخۆش لەباری بێ ئومێدی و بێ هیوایی چارەسەردایە یان هەر بیانووێکی دیکەی وەک نەبوونی خەرجی پێویست، پێویستە نەخۆش وەربگیرێت لەکاتی هەرکێشەیەکدا پێویستە ڕەچاوی مافی نەخۆش بکرێت و چارەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسای بەرامبەر سەرپێچیکاران وەردەگیرێت.”