پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی بكوژی پیاوە تەمەن 55 ساڵانەكەی دوێنێ شەوی قەزای بنەسڵاوەی ڕاگەیاند و دەشڵێ: “بەپێی ماددەی 406 پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.”
ئەمڕۆ شەممە 13ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرايەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، كە شەوی ڕابردوو، 12ـی 6ـی 2026، كاتژمێر 11ـی شەو، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە ئاگادار كرانەوە.
دەشڵێ: “دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە هاووڵاتییەک بە ناوی (عەبدوڵا ڕەسووڵ ئەحمەد)ـی تەمەن ٥٥ ساڵ، کە پێشەی خانەنشینی پێشمەرگەیە و دانیشتووی بنەسڵاوەیە، بەهۆی تەقەکردنەوە گیانی لەدەست داوە.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، هێزەکانی پۆلیس توانییان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە بە ناوی (م. س. س) دەستگیربکەن.”
پۆلیسی هەولێر، ئاشكراشی كرد، كە “لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار ڕێکخراوە و بەپێی (ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی) ڕاگیراوە و ڕادەستی دادگا کراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان.”
ئەمەش لە كاتێكدایە، كە دوێنێ شەو، پیاوێكی تەمەن 55 ساڵ لەسەر بڵندی دەنگی مۆلیدەی كافترایەكی بنەسڵاوە، كە كەوتووەتە ناو ماڵان، لەگەڵ خاوەنی كافتریاكە دەبێتە دەمەقاڵێ و شەڕیان كە لە ئەنجامدا بە كڵانشیكۆف سێ فیشەكی لێ دەدەن و دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر و لەوێ بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە، گیان لەدەست دەدات.