سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ی ڕاگەیاند کە دەقی لێکگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە سەرچاوە ئەمریکییەکان باسیان لەوە کردبوو کە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، هێشتا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە پەسەند نەکراوە و کۆتایی پێنەهێنراوە.

 ڕۆژی 11/6/2026 لەناکاو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەک سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارم دا هێرش و بۆردومانە پلانبۆداڕێژراوەکان ئەمشەو بۆ سەر ئێران هەڵبوەشێنمەوە، چونکە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە و ئێران بە مەرجەکانم قایل بوون، بەڵام هێشتا لە ئێرانەوە ئەم بابەتە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

  سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گوشارە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ هەموارکردنەوەی دەقە 14 ماددەییەکە سەرکەوتوو نەبووە، لەبەرامبەردا، ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەرییەوە ڕایگەیاندووە کە پێویست بەو هەموارکردنە نوێیانە ناکات کە واشنتۆن داوای دەکردن.

 ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، دەقی لێکتێگەیشتنی نێوان تیمی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لەلایەن هەریەک لە وڵاتانی (ئیسرائیل، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرەین، کوەیت، ئوردن و میسر) پەسەند کراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکە ئاشکرا نەکراوە، بەتایبەتی لەسەر هەردوو پرسە سەرەکییەکەی دەستبەرداربوونی ئێران لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و کردنەوەی گەرووی هورمز.