بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لە شارەدێی (كۆڕێ)ی سنووری پارێزگاكە، چوار كەس بەهۆی ڕووداوێكی تەقەكردن و گیانلەدەستدانی منداڵێك دەستگیر كران.

ئەمڕۆ دووشەممە 8/6/2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 8/6/2026 و لە کاتژمێر 11ی شەو، ڕووداوێکی شەڕکردن و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن  لە شارەدێی کۆڕێ ڕووی دا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی وردیان دەست پێکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا لاندكرووزەر – ڕەنگی ڕەش)  زیاتر لە هەشت فیشەکی بەرکەوت، بەداخەوە، منداڵێک بەناوی (ڕۆژین محەمەد عەبدولڕەحمان) کە تەمەنی تەنها چوار ساڵ بوو و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو، فیشەکێک بەر قۆڵی لای ڕاستی کەوت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.”

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیاندراوەكەدا باسی لەوەش كردووە، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە کێشەکە ڕۆژێک پێشتر و لە کاتی یاریی تۆپی پێ لە یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروست بووە، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ لایەنێکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن، پاشان لە شەوی دواتردا لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تەقە کراوە.”

ڕوونیش كراوەتەوە، هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانییان ناسنامەی تۆمەتبارانی سەرەکی دەستنیشان بکەن، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، هەر چوار تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن کە پێکهاتوون لە:

١. (م. ف . ک. ح)

٢. (ف.ک.ح)

٣. (ش.ج. ح)

٤. ( ج.ج.ش)

پۆلیسی هەولێر هەروەها ئاشكرای كردووە، ئێستا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتباران ڕاگیراون و ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.