لە کاتێکدا کەرتی نەوتی عێراق بڕبڕەی پشتی ئابووریی  وڵاتە، ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی سامانە خەیاڵییەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجی، بووەتە گەورەترین ئابڕووچوونی سیاسی و کارگێڕی.

ئەم دۆسیەیە کە تێیدا باس لە کڕینی بێدەنگیی بەرزترین دەسەڵات دەکرێت، دەری دەخات کە چۆن تۆڕە گەورەکانی گەندەڵی، جومگەکانی دەوڵەتیان داگیر کردووە و سامانی گشتییان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و کڕینی پۆستەکان

بەکار هێناوە.

دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو وەزارەتی نەوت، پەردەی لەسەر شێوازێکی ترسناکی گەندەڵی لادا. جومەیلی کە لە ناو کارمەندانی دەوڵەتدا بەهۆی “خێراییە بێوێنەکەی” لە ڕاییکردنی مامەڵە نایاساییەکان و پڕۆژە گوماناوییەکان بە “ئێمباپێ” ناسرابوو، ئێستا وەک هێمایەک بۆ قوڵایی گەندەڵیی سیستماتیک لە عێراقدا دەبینرێت.

ئەو سامانەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پشکنینی ماڵی ناوبراو لە پارێزگای سەلاحەدین ئاشکرا بووە، شۆکهێنەرە.

جومەیلی لە بەردەم دادگا دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی داراییە کە پێک هاتووە لە:

  – ٤٠ ڤێلا و خانوو و شووقەی گرانبەها لە ناوچە ستراتیژییەکانی عێراق.

  – ١٠ ملیۆن دۆلاری کاش و ٣ ملیار دیناری عێراقی کە لە ماڵەکەیدا حەشار درابوون.

  – دەیان کیلۆ زێڕ و ئەڵماس (کە تەنها یەک کیلۆ و نیو زێڕی لە یەکەم پشکنیندا دەستی بەسەردا گیراوە).

– کۆگایەکی چەکی سووک و مامناوەند لە ناو ماڵەکەیدا، کە نیشانەی بوونی میلیشیایەک بچووکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گەندەڵەکانی.

بەپێی تۆمەتەکان جومەیلی لە ڕێگەی “بەرتیل”ەوە بێدەنگیی بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی کڕیوە. گومانەکان ئاماژە

بەوە دەکەن کە ناوبراو بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو داوە، بۆ ئەوەی چاو لە کارە نایاساییەکانی بپۆشرێت.

تۆمەتەکانی سەر جومەیلی تەنها دزینی پارە نین، بەڵکوو پێکهێنانی تۆڕێک فراوانی بازرگانیی قاچاخ و بەرتیلدان بووە بە بەرپرسانی دەوڵەت بۆ ئاسانکاریی کارەکانی.