ئەمڕۆ سێشەممە 2ی 6ی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاتریک دۆرێل، باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی هەرێمی کوردستان و فه‌ره‌نسا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و بیروڕاش لەبارەی گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانە و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابووری و داراییەکان.