پۆلیسی هەولێر لە ڕۆژانی جەژندا، دەستی بەسەر زیاتر لە (دوو تۆن) یاری ئاگرین و تەقەمەنیدا گرت، كە بڕیاربوو لە بازاڕەكاندا ساغ بكرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “لە ڕۆژانی جەژندا دەستمان بەسەر بڕێکی زۆر یاری ئاگرین و تەقەمەنیدا گرتووە، کە بڕەکەی زياترە لە (دوو تۆن) کە بڕیاربوو لە بازاڕەکاندا ساغ بکرێنەوە و ببنە هۆکاری شێواندنی ئارامیی هاووڵاتییان.”
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە “ئەم هەڵمەتە تەنها تایبەت نەبووە بە ڕۆژانی جەژن، بەڵکوو دوای جەژنیش پرۆسەکە بە بەردەوامی درێژەی دەبێت. ئامانج لەم ڕێوشوێنانە پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ڕێگریکردنە لەو دیاردە نادروستانەی کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و زیانگەیاندن بە منداڵان و مێرمنداڵان.”
پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مەفرەزەکانیان لە دوای جەژنیش لەسەر شەقام و بازاڕەکان دەبن بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی ئەم ماددانە، هەروەها ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەو کەسانەش دەگیرێتە بەر، کە پابەندیی ڕێنوێنییەکان نابن و بازرگانی بەم جۆرە تەقەمەنییانەوە دەکەن.
داواش لە دایکان و باوکان دەکات كە هاوکاریان بن و ڕێگری لە منداڵەکانیان بکەن لە کڕینی ئەم یارییە مەترسیدارانە، “تاوەکوو پێکەوە ژینگەیەکی ئارام و بێمەترسی بپارێزین.”