وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان زانیاری سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئاشکرا دەکات.
پێنج شەممە، ٢٨ ئایار ٢٠٢٦، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “هەرچەندە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ڕێکارەکانی خۆپارێزیمان توندتر کردووە و هەر کەسێک نیشانەی هاوشێوەی تای خوێنبەربوونی هەبێت پشکنینی بۆ دەکەین”.
“پشکنینمان بۆ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە گومانی تای خوێنبەربوونیان لێدەکرا، بەڵام هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکردنەوەی پۆزەتیڤ نەبووە، ئەو حاڵەتەی تای خوێنبەربوونەی لە سلێمانی تۆمار کرا، خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوو، لە سلێمانی چارەسەری بۆ کرا و گەڕایەوە ناوچەکەی خۆی”، د. سامان بەرزنجی وا دەڵێت.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوای لە هاوڵاتیانیش کرد کە “پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن، ئاژەڵ تەنیا لە سەربڕخانەکان سەرببڕن، ئەوانەشی ئاژەڵدارن هەڵمەتی ڕشاندن بۆ ئاژەڵەکانیان و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان بکەن”.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئەمانەن:
-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
– سەرئێشە.
– خوێنبەربوونی ژێر پێست.