لە چوارچێوەی چالاکییە مرۆییە بەردەوامەکانیدا بۆ هاوکاریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئاوارەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا زنجیرەیەک پڕۆژەی فرەجۆر ئەنجامدەدات، کە تێیدا هەزاران خێزان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاجیاکان سوودمەند دەبن.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری پڕۆژەکانی جەژنی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ دەزگاکە فۆکەسی خستووەتە سەر چوار کەرتی سەرەکی: دابینکردنی گۆشتی قوربانی، پاکێجی خۆراک، ئارد، و جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵان.
بەپێی ئامارەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی بە بڕی 945 ملیۆن و 985 دینار، توانیویەتی ئەم هاوکارییانەی خوارەوە بگەیەنێتە دەست شایستەکان:
گۆشتی قوربانی: دابەشکردنی گۆشت بەسەر 7,000 خێزاندا.
پاکێجی خۆراک: دابەشکردنی 13,270 پاکێجی خۆراک کە هەر پاکێجێک 11 ماددەی سەرەکی لەخۆگرتووە.
دابینکردنی ئارد: دابەشکردنی 340 تۆن ئارد کە تێیدا 6,800 خێزان لێی سوودمەند بوون.
جلوبەرگی جەژن: دابینکردنی پێداویستی و جلوبەرگی نوێ بۆ 325 منداڵ.
کۆی گشتی ئەو خێزانانەی لەم هەڵمەتەدا سوودمەند بوون گەیشتە 26,570 خێزان، کە دەکاتە 135,832 کەس.
.