چوار پەیامی شاراوە؛ کاتێک عەرەب چەکەکەی پێشکەش دەکات
“ڕیزلێنانی تایبەتم بۆت هەیە.. دانت پێدا دەنێم.. متمانەت پێ دەکەم.. پێکەوە دەجەنگین”
کاروان محەمەد سینۆ
سەردانە ناوازەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە شێوازێکی بێوێنە کۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەنجامدانی نزیکەی ٢٠ دیدار و کۆبوونەوەی چڕ و سەرکەوتوو بوو لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق.
هەڵوێستی دۆستانەی میللەتی عەرەبی عێراق بەرانبەر سەردانەکەی مەسروربارزانی و کوردستان؛ لە کۆتایی گەشتە پڕشنگدارەکەی بەغدا بوو؛ لەبەردەم کامێرای دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، کاتێک گواستنەوەی چەکی ناوداری “بڕنۆ”ی ئەڵمانی-چیکی (کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی بیستی عێراق) لە دەستی شێخێکی عەرەبەوە بۆ دەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی.
لەم سەردانەدا، مەسرور بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ناوەڕاستی پایتەخت، پێشوازی لە شێخانی عەشایەری عەرەبی لە باشوورەوە تا باکووری عێراق کرد؛ لە نێویاندا شێخی عەشیرەتی ئەل سەڕیفی (کاظم الصرايفي) و سەرکردەکانی هۆزی تەمیم وەک (محمد باقر السهيل). ئەسیل لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: «داواکارییەکانی کوردستان لەم چرکەساتەوە داواکاری هەموومانە». بارزانییش لە بەرامبەردا گوتی: «هەرێمی کوردستان ماڵی هەمووتانە.. دەرگا و دڵمان واڵایە و لە هەر کاتێکدا پێویستان بێت پشتیوانتان دەبین».
لەلایەکی ترەوە، شێخ مسلم حسێن ئەل حمیەری، ئەمیری هۆزەکانی حیمیەر (کە ڕەچەڵەکیان هەتاکو وڵاتی یەمەن درێژ دەبێتەوە)، پارچە چەکێکی مێژوویی لە جۆری “بڕنۆ”ی پێشکەشی مەسرور بارزانی کرد؛ ئەو چەکەی کە هێمایەکی هاوبەش و مێژووییە لە نێوان هۆزە عەرەبەکانی باشوور و هۆزە کوردییەکانی کوردستان.
ئەگەرچی لەم گەشتە پڕشنگدارەدا ئاسۆیەی هیوابەخش لە ئارادای لە یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هێشتا گۆڕانکارییەکی (بنەڕەتیی بەرجەستە)ی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام مەسرور بارزانی ئەمجارە بڕیاریدا ڕەهەندێکی جیاواز بە سەردانەکەی ببەخشێت؛ ڕەهەندێک کە کەمێک لە گرژییەکانی ناکۆکی دوور بکەوێتەوە و زیاتر لە نزیکبوونەوە و ناسینی یەکتری هاووڵاتیانی یەک وڵات نزیک بێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین شێخی عەشیرەت ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشتریش دیدار و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەبووەو لە دەرەوەی چاوی کامێرای ڕاگەیاندنەکان.
مەسرور بارزانی لە تەواوی وێستگەکانی ئەم سەردانە پڕشنگ بەخشەیدا، بارزانی بە ڕوویەکی گەش و پێکەنیناوییەوە دەبینرا و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرا، چەندین جاریش بە زمانی عەرەبی سوپاسی میواندارییەکەیانی کرد. دانیشتنی کۆتایی لەگەڵ سەرکردەی عەشیرەتەکان فۆرمێکی فەرمی و ڕەق و وشک نەبوو، بەڵکو زیاتر کەشێکی دۆستانەی بەسەردا زاڵ بوو؛ تەنانەت پێویستیان بە وەرگێڕی فەرمیش نەبوو لە نێوان زمانی عەرەبی و کوردیدا، بەڵکو شاخەوان عەبدوڵڵا ئەو ئەرکەی لەئەستۆ گرتبوو.
شێخانی عەشایری عەرەب باسیان لە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتی هاوبەش و چارەنووسی یەکگرتووی نێوان عەرەب و کوردی عێراق کرد لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتەوە تا کاتی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن. بارزانییش بە هەمان نەفەس وەڵامی دانەوە و بە زمانی کوردی گوتی: «پشتیوانیی ئێوە هێزمان پێ دەبەخشێت، کاتێک ئەم پاڵپشتییە دەبینین، هەست بە دڵنیایی دەکەین و شانازی دەکەین کە پێکەوە لە یەک وڵاتدا دەژین و دۆستایەتییەکی توندوتۆڵ کۆمان دەکاتەوە».
هەروەها بارزانی وتارێکی بەناوبانگی سەرۆک مەسعود بارزانی پێش هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو هێنایەوە یاد، کاتێک داوای لە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردبوو کە: «پێویستە پێش داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد و کوردستان، بەرگری لە مافەکانی تەواوی عێراقییەکانی تر بکەن».
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ڕەگە قووڵەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کورد و عەرەب کرد و فەرمووی: «ئێمە کار لەسەر بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییە مێژووییە دەکەین کە لە سەردەمی مستەفا بارزانیی نەمرەوە دەستی پێکردووە و لە سەردەمی سەرۆک بارزانییشدا پارێزگاریی لێ کراوە، هیواداریشین ئەم پەیوەندییانە هەمیشە لەگەڵ ئێوەدا بەردەوام بێت و هەرگیز نەپچڕێت».
پێشکەش کردنی چەک وکو دیاری بۆ میوان، نەریتێکی کۆن و تایبەتی عەرەبە؛ چونکە هەموو میوانێک چەکی پێشکەش ناکرێت. لە عورفی عەشایەری عەرەبی عێراقدا، ئەم نەریتە لانی کەم چوار پەیامی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
1) ڕێزلێنان: چەک هێمای شەرەف و سەرکەوتووییە و تەنها پێشکەشی کەسانی تایبەت دەکرێت.
2) متمانە: مرۆڤی عەرەب چەکەکەی ناداتە دەست کەسێک کە متمانەی تەواوی پێی نەبێت.
3) هاوپەیمانی و برایەتی: ئاماژەیە بۆ بەستنی هاوپەیمانی، یەکگرتوویی و تێکەڵبوونی خوێن و بەمانای ئەوەی کە دوژمنیان هاوبەشە.
4) داندنان بە سەرکردایەتی: دانپێنە بەوەی کە میوانەکە سەرکردە و جەنگاوەرە، چونکە چەک پێشکەشی کەسێک ناکرێت ئەگەر خاوەن شوناسێکی جەنگاوەری و بەرگری و ئازایەتی نەبێت.
شایانی بەسە، ڕۆژی شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦) مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەت گەیشتە بەغدا و لەلایەن وەزیری دەرەوە فۆئاد حوسێن پێشوازی لێکرا. پاشان زنجیرەیەک دیداری چڕی لەگەڵ سەرکردە، سیاسی و سەرۆکی دەسەڵاتە باڵاکانی بەغدا ئەنجامدا، کە پێکهاتبوون لە: عەلی زەیدی، حوسێن موسەوی، هەیبەت حەلبووسی، دادوەر فایەق زێدان، موسەنا سامەڕائی، محەمەد حەلبووسی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی، حەیدەر عەبادی، فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی.
بارزانی لە ڕۆژی دووەمیشدا درێژەی بە دیدارەکانی دا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەکە لە: خەمیس خەنجەر، قاسم ئەعرەجی، محەمەد شیاع سودانی، نووری مالیکی، قەیس خەزعەلی، عادل عەبدولمەهدی، هەمام حەمودی، ئەسعەد عیدانی و ئەیاد عەلاوی ئەنجامدا.