ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقته‌دا سەدر، وازهێنانی مافی یاسایی و شەرعیی خۆی بەرانبەر بەو کەسانە ڕاگەیاند کە سووکایەتیی پێ کەردووە، ئەمەش دوای ئەوە هاتووە کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش؛ سەدر هەڕەشەی ڕاوەدوونانی یاسایی لێکردبوون.
سەدر لە کۆمێنتێکدا ڕایگەیاند: “لە مافی یاسایی و شەرعیی خۆم خۆشبووم بەرانبەرهەر کەسێک سووکایەتی بەمن کردووە، خودا لە من و لەوانیش خۆش بێت، و بەڵکو لە دونیا و ئاخیرەتدا سووکایەتیکردنی ئەوان بۆ من سوودی هەبێت.”
شایەنی باسە سەدر، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، وەڵامی ئەو ڕەخنە و تۆمەتانەی دابووەوە کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە ئاراستەی کرابوون و گوتبووی: “با ئەوەی دەیانەوێت بیڵێن… ئەگەر ڕاستیان کردبێت؛ ئەوا خودا لە من خۆش بێت، و ئەگەر درۆیان کردبێت ئەوا خودا لەوان خۆش بێت.”
شایانی باسە؛ لەو کاتەدا کە ناوبراو تۆمەتەکانی وەک “خۆفرۆشی” یان “گومانخستنە سەر هەڵوێستەکان” ڕەت کردەوە، جەختیشی لەوە کردبووەوە کە هەر جۆرە بەزاندنی سنوور یان تۆمەتێک، ئەگەر لایەنی بەرامبەر لێی پاشگەز نەبێتەوە، ئەوا لە ڕێگەی دادگاوە و بەپێی شەریعەت و یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.