بۆ متمانەدان بە كارنامە و وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە عەلی فالح زەیدی و 14 وەزیر بەخشی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 5ـی 2026، بەمەبەستی دەنگدان بە كابینەكەی عەلی زەیدی، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 270 ئەندام كۆ بووەوە و متمانەی بە كارنامەی عەلی زەیدی و 14 وەزیر لە حكوومەتی نوێی عێراق بەخشی.
ئەو وەزارەتانەی وەزیرەكانی متمانەی پێبەخشرا، ئەمانەن: دەرەوە، دارایی، داد، نەوت، سەرچاوەكانی ئاو، كارەبا، بازرگانی، پەروەردە، پەیوەندییەكان، گواستنەوە، تەندروستی، ژینگە، كشتوكاڵ و پیشەسازی.
ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ژمارەیەک پەرلەمانتاری حزبی محەمەد حەلبووسی و موسەننا سامەڕایی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی پەرلەمانی هەڵگرت و دەنگدان بە (9) وەزیری كابینەكەی عەلی زەیدی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، بە ئەگەری زۆر دەنگدان دەكەوێتە ڕۆژی شەممەی داهاتوو یان دوای جەژنی قوربانەوە.