دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی “جەلادەکەی نوگرە سەلمان” دەرکرد، ئەمەش دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی کورد لەنێو زیندانی نوگرە سەلمان دێت.

  ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەسوکاری قوربانیان ڕایگەیاند، خۆشبەختانە ئەمڕۆ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕەسافە بڕیارێکی دەرکرد پڕ بە پێستی تاوانەکەی عەجاج، ئەویش بەپێی ماددەی 11 کە جینۆسایدە، ماددەی 12 کە تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتییە.

 هەرچەند عەجاج لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە هەموو تاوانەکان دانابوو، بەڵام لە قۆناغی دادگاییکردن هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، بەڵام لەکۆتاییدا تەواوی تاوانەکانی بۆ دادگا سەلمێنرا و دادگای سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.

 عەجاج بەپێی یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2005 سزادراوە. دادگا لەنێو دانیشتنەکەدا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، کە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی و وتەی 26 شایەتحاڵی ڕزگاربووی ئەنفال بووە کە پێشتر گوتەکانیان پێشکەش کردبوو.