وەزارەتی ناوخۆ (9) خاڵی وەكوو بڕیار و ڕاسپاردە بۆ پاراستنی ژینگە و موڵک و ماڵی دەوڵەت بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاری نوێی ژینگەپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەچنە بواری جێبەجێکردن و سەرپێچیكاران سزای دارایی دەدرێن. 

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی 5ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لەبەر بایەخی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ژینگەدۆستی و پاراستنی سروشتیی کوردستان وەکوو یەکێک لە پێشینەی كاری دامەزراوەکانی حکوومەت، دوای چەند کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بەڕێوەبەرانی گشتی لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسانی تایبەتمەند لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێ شەممە لە 12ـی 5ـی 2026، بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ بە نوسراوی ژمارە (13788) بە گوێرەی ماددەی دووەم/ یەکەم لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)ـی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ جێبەجێکردن ئاڕاستەی لایەنە پەیوەنددارەکان کران کە خۆی لە نۆ خاڵدا دەبینێتەوە.

ئەو نۆ خاڵەی وەزارەتی ناوخۆ وەكوو بڕیار و ڕاسپاردە بڵاوی كردەوە، ئەمانەن:

یەکەم: چالاککردنی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە دەستە کە بە گوێرەی بەشی یەکەم لە دەروازەی دووەم لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق پێکهاتە و ئەرکەکانی دیار کراوە. پێویستە وەزارەت و لایەنەکانی ناو ئەو ئەنجومەنە چالاکانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دیراسەی هەندێ پڕۆژە بکەن کە دەرفەتەکانی پیسکردنی ژینگە کەم دەکاتەوە و لەم کۆبوونەوە هاوبەشەمان سەرنجی خرایە سەر، بۆ نمونە هانی بەکارهێنانی کاغەز لە بری نایلۆن و شووشە بدەن بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی رۆژانە، پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیە بە وردی دیراسە بکرێت. هەروەها دیراسەی میکانیزمی پاڵپشتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز بۆ بەکارهێنانی رۆژانە لە بری عەلاگەی نایلۆن، هەروەها دروستکردنی بوتڵی دروستکراو لە کاغەز بۆ ئاو و شیر و بەرهەمەکانی لە بری نایلۆن و شوشە، بکرێت.

دووەم: ئەنجومەن پێویستە چاودێری وردی جێبەجێکردنی ڕێنوێنیی ژمارە (2)ی ساڵی 2023، ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی ژینگە بکات و فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رابسپێرێت  کە بە هەماهەنگی لە گەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوورەکە، چاودێری جێبەجێکردنی ڕێنوێنیی ئاماژە بۆ کراو بکەن و سزای سەرپێچیکاران بدرێت.

سێیەم: فەرمانگەکانی ژینگە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، ڕاپەڕین) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 361 لە 26ـی 2ـی 2026 و لە (هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 359 لە 26ـی 2ـی 2026، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە سزای دارایی سەرپێچیی ژینگەیی تا بڕی (هەشت ملیۆن دینار) دەسەپێنن بە سەر سەرپێچیکاران بەپێی جۆر و قەبارەی سەرپێچییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنووریان، و ئەگەر قەبارەی سزاکەکە پێویست بوو گەورەتر بێت، بۆ دەستەی ژینگە رەوانە دەکرێت بە زووترین کات.

چوارەم: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە – هێزی پاراستنی ژینگە) هەماهەنگی تەواو دەکەن لە گەڵ لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە سەرۆکایەتیی پارێزگار/ سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگەکانی ژینگە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگە دەکات و سروشت پیس دەکات. بۆ ئەم مەبەستە تیمی گەڕۆک لە نوێنەرانی ئەو دامەزراوانە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە و ئامادەیی نوێنەری فەرمانگەی ژینگە  پێک دێت بۆ گەڕان بە شوێنە گەشتیارییەکان و ئاگادارکردنەوەی گەشتیار و هاووڵاتیان لە سەرپێچییەکان و سەپاندنی سزای دارایی راستەوخۆ بەسەر سەرپێچیکار بە گوێرەی خاڵی سێیەمی ئەم گشتاندنە و بڕەکەی لە لایەن نوێنەری فەرمانگەی ژینگە بە گوێرەی سەرپێچییەکە دەست نیشان دەکرێت.

پێنجەم: زیادکردنی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و هەروەها نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ بە گوێرەی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراو دەست نیشانی نوێنەری دەکات و بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رەوانەی دەکات بۆ ئەوەی بدرێتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ زیادکردنی لە لێژنەکان.

شەشەم: پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕادەسپێرین کە مانگانە کۆبوونەوەی لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەنجام بدەن و تیمەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان ئاراستە بکەن، بەردەوام هۆشیاری ژینگەپارێزی و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و هاوسەنگی سروشت بڵاو بکەنەوە، هەروەها سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن سەرپێچی یاسا و ڕێنوێنییەکان بکات و ژینگە پیس بکات و بیشێوێنێت.

حەوتەم:  لێژنەی تایبەتمەند بە ڕێگری و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانەکانی دارستان و ئاو و ژینگە لە سەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان هاوشێوەی لیژنەی هەولێر بە فەرمانی وزاری پێک دێت. هەروەها لیژنەی لاوەکی لە قایمقامیەت و ناحیەکان پێک دێت و بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر یاسا بۆ ڕێگریی لە هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک. وردەکاریی پێکهاتەی لیژنەکان بە فەرمانی وزاری بۆتان ڕەوانە دەکرێت.

هەشتەم: لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستاوە کاری پێویست بکەن بە ئاگادارکردنەوەی جووتیاران و هاووڵاتییان کە سووتاندنی پووش و پەڵاش و  قەسەڵ و کڵۆش و پەرێز لە دوای وەرزی دروێنە قەدەغەیە، ئەمەش بۆ پاراستنی زیندەوەران و رێگریکردن لە مەترسی تەشەنەکردنی ئاگر و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سامانی سروشتی.

نۆیەم: فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پاراستنی سروشت و ژینگە و سزاکانی سەرپێچیکردن بە هاووڵاتییان ئاشنا دەکەن.