ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کۆ بووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە دەست “وشە” کەوتووە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی وڵات و پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی دیالۆگی نیشتمانی و لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان کردەوە وەک کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، بە شێوەیەک کە ماف و شایستەکانی هەموو لایەک بپارێزرێت.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان پێک بێت، خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەش لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. لەمبارەیەوە، سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی هاوسەنگ و نیشتمانیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی وڵات لە گرژییەکان تاوتوێ کرا. تێیدا دووپات لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەروەریی نیشتمانی کرایەوە.