سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارە بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق و شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، “کە ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبین، لە پێناو چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.”
بە پێی راگەیەنراوەکە، مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارە بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بێت.
لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە، “کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکوومەتی فیدراڵییە.”
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە دڵنیایی دەدەن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.