– جەنابی مەلامستەفا بارزانی فەرموویەتی:
«قوتابیان و لاوان سەری ڕمن لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێک دا». لەم سۆنگەیەوە؛ هێڕشی ڕژێمی دڕندەی بەغدا بە بۆمبی قەدەغەکراوی(ناپاڵم) بۆسەر زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ (1974) سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمنانی کورد نەک هەر لە تفەنگی پێشمەرگە، بەڵکوو لە قەڵەمی قوتابیانی کوردیش دەترسان.

کاروان محەمەد سینۆ *
به‌رپرسی لاپه‌ره‌كانی كاروباری كوردستانی

لە مێژووی پڕ لە سەروەری و تێکۆشانی گەلی کورددا، هیچ ناوێک و هیچ ڕێکخراوێک هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوزارشت لە ئیرادەی نەتەوە و خەڵکی کوردستان ناکات؛ کە بڕیاری داوە بە سەربەرزانە بژی و کۆڵ بۆ هیچ داگیرکەرێک دانەنەوێنێت. دامەزراندنی پارتی لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا، تەنیا لە دایکبوونی پارتێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی بوو کە تێیدا خەباتی پەرتەوازەی ناوچەیی گۆڕدرا بۆ خەباتێکی نەتەوەیی و دیموکراسیی ڕێکخراو لە ژێر سایەی ڕابەرایەتییەکی حەکیمانەدا.
ئەم پارتە کە لە سەر دەستی باوکی ڕوحیی نەتەوەی کورد، جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرا، بوو بە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەو ئازادیخوازانەی کە خەونیان بە کوردستانێکی ئازاد و ئاوەدانەوە دەبینی. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک شاخە سەربەرزەکانی کوردستان بە جێگیری ماوەتەوە و لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا، هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی نەکردۆتە قوربانیی هیچ بەرژەوەندییەکی کاتی و تایبەت.
ڕێبازی بارزانی؛ فەلسەفەی مانەوە و شکۆی خەڵکی کوردستانە
ڕێبازی بارزانی، کە بنەمای فیکری و سیاسیی پارتی پێک دەهێنێت، لە گەڵ ئەوەی ڕێبازێکی سیاسی و سەربازییە، بەروەها فەلسەفەیەکی ژیانە؛ کە فێری کردین چۆن مرۆڤی کورد بە ئازادی و شکۆ؛ گۆش بکەین. ئەم ڕێبازە پاپەندبوونە بە بەها مرۆییەکان، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، و پاراستنی کەرامەتی تاک بێ گوێدانە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی. هەر ئەم فەلسەفەیەش بوو؛ وای کرد شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ببێتە گەورەترین و درێژترین شۆڕشی چەکداری و جەماوەری لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا هەموو چین و توێژەکان، لە زانایانی ئایینییەوە تا مامۆستا و قوتابی و جوتیار…هتد، شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان چەک و قەڵەمیان هەڵگرن.
کارەساتی قەڵادزێ و هەوراز و نشێوی پارتی
مێژووی گەلی کورد، مێژوویەکی پڕە لە هەوراز و نشێو، بەڵام ئەوەی وەک تیشکێکی گەش لە ناو ئەم مێژووەدا دەدرەوشێتەوە، ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و خەباتی بێوچانی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بۆ تێگەیشتن لە کارەساتی قەڵادزێ، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ئەو ژینگەیەی کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی تێدا هەڵگیرسا. شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕوحیی نەتەوەی کورد، جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، ڕاپەڕینێکی چەکداری و وەرچەرخانێکی فیکری و کۆمەڵایەتی بوو کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی لە دەوری یەک ئامانج کۆ کردەوە؛ ئەویش: «کوردستان یان نەمان».
کاتێک لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا، ڕژێمی بەعس لە ژێر گوشاری گورزە کەمەرشکێنەکانی پێشمەرگەی بارزانیدا؛ دا ناچار بوو دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت، جەنابی بارزانی نەمر بە دیدگایەکی وردی دیپلۆماسی و سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە داگیرکەرانی کوردستان هیچ کات پاپەند بە بەڵێنەکانیان نابن. ڕژێمی بەعس ئەو چوار ساڵەی ئاشتییەی وەک دەرفەتێک بۆ خۆبەهێزکردنەوە و داڕشتنی پیلانی دڕندانە بەکار هێنا. کاتێک لە ساڵی ١٩٧٤دا بەعسییەکان لە ڕێککەوتنامەکە پاشگەز بوونەوە، جارێکی دیکە زمانی ئاگر و ئاسنیان دژی خەڵکی سڤیل بەکار برد، ئەمەش خاڵی دەستپێکی داستانێکی نوێی خۆڕاگری بوو کە تێیدا «قەڵادزێ» بوو ناونیشانی زانست و فیداکاری.
لە مێژووی پڕ سەروەریی گەلی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ وەک پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی ڕژێمی بەعس و وەک تاجێکی شکۆمەندی بە سەر سەری خەڵکی تێکۆشەری پشدەر و قەڵادزێ دەمێنێتەوە. ئەم کارەساتە؛ بۆردومانێکی سادە نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی شکەستخواردووی دوژمن بوو بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەک کە لە سەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی پەروەردە ببوو.‬
دوای ئەوەی ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق (ڕژیمی سەددام حوسین) لە ڕێککەوتنی مێژوویی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ پاشگەز بووەوە و سەلماندی کە زمان و مەنتیقی گفتوگۆ تەنیا بۆ کات کوشتن بەکار دەهێنێت، جارێکی دیکە بڕیاری شەڕی دژی شۆڕشی کورد دەرکرد. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی، جەنابی مستەفا بارزانی، پاپەندبوونی خۆی بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دوپات کردەوە.
قەڵادزێ؛ ئەو ناوەندەی کە زانست و شۆڕشی ئاوێتەی یەکتکرد
شارۆچکەی قەڵادزێ لە دەڤەری پشدەر، بە هۆی هەڵکەوتە ستراتیژییەکەی و ڕەسەنایەتیی خەڵکە نیشتمانپەروەرەکەی، بوو بە یەکێک لە قەڵا هەرە بە هێزەکانی شۆڕشی ئەیلوول. یەکێک لە هەرە دەستکەوتە گەورەکانی ئەو سەردەمەی سەرکردایەتیی پارتی (پاش پشگەزبوونەوەی ڕژێمی بەعس لە ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ )، بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بوو بۆ قەڵادزێ. ئەمە هەڵوێستێکی مێژوویی بوو کە نیشانی جیهانی دا کورد میللەتێکی تینووی زانستە و تەنانەت لە ژێر بۆردومانیشدا دەست لە خوێندن هەڵناگرێت.
لەو سۆنگەیەوە، شارۆچکەی قەڵادزێ بوو بە ناوەندێکی گرنگی سیاسی، سەربازی و زانستی بۆ شۆڕش. تێکەڵبوونی زانست و تفەنگ؛ زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ یەکێک لە شانازییە هەرە گەورەکانی مێژووی پارتی و شۆڕشی ئەیلوول بوو، گرنگیدان بوو بە زانست لە ناو جەرگەی جەنگدا. کاتێک مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی سلێمانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ڕایان کرد و ڕوویان لە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕش کرد، سەرکردایەتیی پارتی بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لێ کردن بۆ ئەوەی قەڵەم و تڤەنگ لە یەک سەنگەردابن؛ هەروەک جەنابی مەلامستەفا بارزانی فەرموویەتی: «قوتابیان و لاوان سەری ڕمن لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێک دا». لەم سۆنگەیەوە؛ هێڕشی ڕژێمی دڕندەی بەغدا بە بۆمبی قەدەغەکراوی(ناپاڵم) بۆسەر زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ (1974) سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمنانی کورد نەک هەر لە تفەنگی پێشمەرگە، بەڵکوو لە قەڵەمی قوتابیانی کوردیش دەترسان.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا؛ زانکۆی سلێمانی تەنیا ناوەندێکی ئەکادیمی نەبوو، بەڵکوو ببوو بە داینەمۆی فیکریی شۆڕش. قوتابیان و مامۆستایان، کە تینووی ئازادی بوون، پۆل پۆل ڕوویان لە قەڵادزێ کرد. ئەوان سەلماندیان کە خەباتی قەڵەم و خەباتی چەک تەواوکەری یەکترن، ئەم هەڵوێستە نیشانی دا کە کورد شەڕ لە پێناوی شەڕ ناکات؛ بەڵکوو بەڵکوو خەبات دەکات لەپیناو بونیادنانی دەوڵەت و پێشکەوتنی مەعریفی. قەڵادزێ لەو کاتەدا سیمای پایتەختێکی ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕیی وەرگرتبوو؛ هەر بۆیەش بوو بە ئامانجی سەرەکیی ڕق و کینەی داگیرکەران.
تراژیدیای بۆردومانی قەڵادزێ (24ی نیسانی 1974)؛ ئەو ڕۆژە بوو کە زانست بووە ئامانجی «ناپاڵم»
کاتێک باس لە قوربانیدانەکانی پارتی و گەلی کورد دەکەین، ناتوانین کارەساتی بۆردومانی شاری قەڵادزێ لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ فەرامۆش بکەین. ئەم ڕووداوە تراژیدییە، کە تێیدا ڕژێمی بەعس بە دڕندەترین شێوە و بە بەکارهێنانی بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵم هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل شارۆچکەی قەڵادزێ و ناوەندی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ کە پەیەوەندییان بە شۆڕشەوە کردبوو؛ بۆ ئەوەی قەڵەم و تڤەنگ لە یەک سەنگەردابن؛ هەروەک جەنابی مەلامستەفا بارزانی فەرموویەتی: «قوتابیان و لاوان سەری ڕمن لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێک دا». زانکۆی سلێمانی لەو کاتەدا لە قەڵادزێ، بوو بە مەڵبەندێکی گەورەی زانستی کە لە ژێر سایەی شۆڕشدا وانەی ئازادییان دەخوێند. ڕژێمی داگیرکەر بە ئامانجگرتنی زانکۆ و قوتابخانەکان، ویستی مۆمی زانست بکوژێنێتەوە، بەڵام خوێنی شەهیدانی قەڵادزێ بوو بە سووتەمەنییەک بۆ بەردەوامبوونی کاروانی خەبات. ئەو گیانبازییەی کە خەڵکی پشدەر و قەڵادزێ لەو ڕۆژەدا نیشانیان دا، لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەلماندی کە «زانست و شۆڕش» دوو قاڵبی لێک دانەبڕاون بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو. ئاسمانی قەڵادزێ کە ببوو بە مەیدانی فڕینی هیوای قوتابیان، لە ناکاو بە باڵەفڕە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس داپۆشرا. کاتژمێر ٩:٤٥ی بەیانی، لە کاتێکدا قوتابیان لە ناو هۆڵەکانی خوێندندا بوون و خەڵکی کاسبکار خەریکی ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانەیان بوون، ڕژێمی دڕندەی بەغدا بە بۆمبی قەدەغەکراوی(ناپاڵم) شارەکەی وێران و سووتاند.
ئەم تاوانە هێرشێکی سەربازی نەبوو بوسەر «قەڵادزێ»، بەڵکوو جینۆسایدکردنی عەقڵ و زانست بوو. لەم هێڕشەدا ناوەندی زانستگە (زانکۆ) کرا بە ئامانجی سەرەکی. ئەو دیمەنانەی کە لەو ڕۆژەدا تۆمار کران، ویژدانی مرۆڤایەتییان هەژاند:
– تەرمی قوتابیان کە لە ناو خوێن و مەرەکەبی کتێبەکانیاندا گەوزابوون.
– دیمەنی ئەو باوکە بە ساڵاچووەی کە تەرمی منداڵەکانی لە سەر عەرەبانەیەکی دەستی ڕیز کردبوو و بە سەربەرزییەوە بەرەو گۆڕستان دەیبردن، وەک ئەوەی بڵێت: «قوربانییەکمان داوە بۆ کوردستان کە شایەنی ئەو نرخە بێت».
– شەهیدبوونی ١٦٣ مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی زیاتر لە ٣٥٠ کەسی دیکە، کە زۆربەیان کەمئەندام بوون؛ تۆمارکرا.
بەڵام ئەم بۆردومانە دڕندانەیە، ورەی خەڵک و پێشمەرگە و شۆڕشی نەڕوخاند، بەڵکوو بوو بە هەوێنێک بۆ یەکگرتوویی زیاتری جەماوەر لە دەوری پارتی دیموکراتی کوردستان. خەڵکی قەڵادزێ بەو قوربانییە گەورە و ئەو هەڵوێستەیان؛ سەلماندیان کە ئەوان قەڵای خۆڕاگرین و هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی بارزانی لە ناخیاندا بکوژێنێتەوە. قەڵادزێ بە خوێنی قوتابیان و خەڵکە ڕەسەنەکەی، سەلماندی کە قەڵایەکی پۆڵایینە و هیچ هێزێکی داگیرکەر ناتوانێت مۆمێکی زانست کە پارتی دایگیرساندبێت، بکوژێنێتەوە.
ڕۆڵی پێشەنگی پارتی و جەنابی بارزانی نەمر لە پاراستنی شۆڕشدا
لە ناو جەرگەی ئەو کارەساتانەدا، سەرکردایەتیی پارتی و خودی جەنابی مستەفا بارزانی نەمر، هەمیشە وەک چەترێکی پارێزەر بۆ خەڵکی کوردستان مابوونەوە. بارزانیی نەمر لەگەڵ ئەوەی ڕابەر و فەرماندەیەکی سەربازی بوو، هەروەها باوکێکی میهرەبان بوو کە خەمی یەکەمی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بوو. هەر لەو کاتەدا، فەرمانی دا کە تیمەکانی فریاگوزاری و پێشمەرگە قارەمانەکان بە خێرایی بگەنە هاواری لێقەوماوانی قەڵادزێ و هەرچی لە ئیمکاندا بێ بۆیان ئەنجام بدەن و خۆشی ڕستەوخۆ چاودێری ئەو پرۆسەیەی دەکرد.
بۆیە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان ئەوەی تۆمارکردووە کە شۆڕشی ئەیلوول بەرهەمی ڕەنجی پیاوێک و پارتێک بوو کە هیچ کات سەودایان لە سەر مافە ڕەواکانی خەڵک نەکرد. ئەگەر خەباتی خۆنەویستانەی پێشمەرگە و حیكمەتی سیاسیی بارزانی نەمر نەبووایە، دوژمن دەمێک بوو ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەی سڕی بووەوە.
لە ئەیلوولەوە بۆ گوڵان؛ بەردەوامیی کاروانی گیانبازی
دوای نسکۆی ١٩٧٥، دوژمنان وایان دەزانی کە چرای شۆڕش کوژاوەتەوە، بەڵام بە هیمەتی سەرکردایەتیی پارتی و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە، شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسایەوە. ئەم شۆڕشە درێژەپێدەری هەمان ئەو ئامانجە باڵایانە بوو کە بارزانیی نەمر لە پێناویاندا تەمەنی خۆی بەخشی. لەم قۆناغەدا، پارتی نەک هەر لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوەش پێگەی خۆی وەک نوێنەری شەرعیی خەڵکی کورد چەسپاند. بۆیە لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢، کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدانی شۆڕش بە مەبەستی یادکردنەوەی هەشتەمین ساڵیادی شەهیدانی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە شۆڕشی ئەیلوول (١٩٧٤)، کە تێیدا فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی داگیرکەر بە چەکی قەدەغەکراو (ناپاڵم)، شاری قەڵادزێ و زانکۆکەیان بۆردومان کرد و سەدان کەس بوونە قوربانی.
جۆش و خرۆش و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی کەسوکاری شەهیدان بە هەڵمەتێکی شێرانە لە یاد و بەسەرکردنەوەی گۆڕی شەهیدەکانیانەوە، گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەریی ئازادیخواز و ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری قەڵادزێی زانست و شۆڕش؛ دژ بە ڕژێمی بەعس فاشست و داگیرکەرکە بە (ڕاپەڕینی قەڵادزێ ناسرا) و تێیدا داوای ڕووخانی ڕژێم و کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە و داگیرکاری دەکرا.
ئەم خۆپێشاندانە یەکێک بوو لە وەرچەرخانە گرنگەکانی خەباتی خەڵک و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان پاش نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و دەستپێکردنەوەی چالاکی سیاسی و سەربازی شۆڕشی گوڵان لە ناو شار و شارۆچکە و لادێکانی کوردستان. لە بەرانبەرئەم خۆپێشاندانەدا، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس بە توندی ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کردن؛ ئەمەش بووە هۆکاری شەهیدبوونی ٢ کەس و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەدان کەسیش دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە.
ئەم ڕاپەڕینە بە یەکەم پریشکی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی شارەکانی کوردستان دادەنرێت لە قۆناغی شۆڕشی گوڵاندا، کە ورەیەکی زۆری بەخشییە پێشمەرگە و جەماوەری پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە گشتی و بەتایبەت کەسوکاری شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ (٢٤ی نیسانی ١٩٧٤). بەم شێوەیە جارێکی دیکە قەڵادزێ سەلماندیەوە کە مەڵبەندی زانست و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە و پێشەنگی قوربانیدانە لەپێناو نیشتمانپەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستاندا.
سەرکردایەتیی ئەمڕۆی پارتی، بە ڕابەرایەتیی حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی، توانیویەتی لە ناو هەموو گەردەلوولە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، کەشتیی کورد و کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامی، ئەمەش وەفادارییێکە بۆ خوێنی شەیدانی خۆپێشاندانەکەی (قەڵادزێ 1982) و خوێنی سەرجەم شەیدانی کوردستان. لەلایەکی دیکەشەوە پاپەندبوونی سەرۆک بارزانی بە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، وەک میراتێکی پیرۆزی شەهیدان، گەورەترین هەڵوێستی نەتەوەییە کە مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە.
قەوارەی هەرێمی کوردستان؛ بەرهەمی خوێن و ماندووبوون
ئەمڕۆ کە ئێمە لە ژێر سایەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە ناو قەوارەیەکی دەستووریدا دەژین، پێویستە هەمیشە ئەوەمان لە یاد بێت کە ئەمە بە دیاری پێمان نەبەخشراوە. ئەم سەقامگیری و ئاوەدانییەی ئێستا هەیە، بەرهەمی: ١. خوێنی هەزاران شەهیدی سوورخەڵاتە کە لە پێناوی خاکدا گیانی خۆیان بەخشی. ٢. ڕەنج و ماندووبوونی شەو و ڕۆژی پێشمەرگە قارەمانەکانە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا. ٣. حیکمەت و هەڵوێستی توندی سەرکردایەتیی پارتییە لە بەرانبەر هەر پیلانێک کە بیەوێت پێگەی هەرێم لاواز بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکان ماوەتەوە. ئێمە لە کاتی سازان و دیالۆگدا، زمانێکی دیپلۆماسیی بە هێزمان هەبووە و لە کاتی بەرگریشدا، بە هێزترین قەڵغان بووین بۆ پاراستنی خاک. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ناوەندی بڕیاری سیاسییە و هیچ هاوکێشەیەک لە ناوچەکەدا بە بێ ڕەچاوکردنی پێگەی هەولێر و سەرکردایەتیی پارتی سەر ناگرێت.
کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان
ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و شەرعی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەناسرێت، ئەمە بە ڕێکەوت نەهاتووە. ئەم سەقامگیری و دەستکەوتە نەتەوەییانەی ئێستای خەڵکی کوردستان (بەکورد و عەرەب و تورکمان و کلدوئاشور)، ڕەگیان لە ناو خوێنی شەهیدانی قەڵادزێ، شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و خەباتی بەردەوامی پێشمەرگە قارەمانەکاندا چەقیوە. «قەڵادزێ» یەکێک بوو لەو وێستگانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە تێیدا خوێنی پێشمەرگە و خوێنی قوتابی و خوێنی جوتیار تێکەڵ بوون و نەمامی ئازادییان ئاو دا. سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە سەروویانەوە سەرۆک مەسعود بارزانی، بەردەوام پارێزەری ئەو میراتەن کە بارزانیی نەمر بە جێی هێشتووە.
ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەیانبینین؛ لە بوونی پەرلەمان، حکومەت، هێزی پێشمەرگە و پێگەیەکی بە هێزی دیپلۆماسی لە ئاستی جیهاندا، هەموویان بەرهەمی ئەو قوربانییانەن کە لە «قەڵادزێ» و لە هەموو بستێکی خاکی کوردستان دراون. قەوارەی هەرێم تەنیا دەستکەوتێکی ئیداری نییە، بەڵکوو قەوارەیەکی دەستووری و شەرعییە کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی پارتی و گەلی کورد پارێزراوە.
سەرکردایەتیی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسروربارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کەوردستان، کە درێژەپێدەری فەلسەفە و نەخشەڕیگای ڕێبازی پیروزی بارزانین. ئەوان بە هەمان ئیرادەی بارزانی نەمر، بەرگری لە قەوارەی هەرێم دەکەن و ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی ناوخۆیی یان دەرەکی شکۆی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان کەم بکاتەوە.
ئەرکی ئێمە لە بەرانبەر مێژوو و کوردستاندا
پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ، پاپەندبوونە بە ڕێبازی بارزانی. ئێمە دەبێت بە کوردییەکی پەتی و بە بیرێکی ڕەسەنی کوردایەتی، بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە ببینەوە کە دەیانەوێت شکۆی نەتەوەییمان کەم بکەنەوە. مێژووی و داستانەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و داستانەکانی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و داستانەکانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان (2017) لە (پردێ و سحێلا و تەلەسقوف و ڕەبیعە) لە سەر دەستی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، هەموویان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە سەر ئەوەی کە پارتی «قەڵای خۆڕاگری و پارێزگاری و ئاوەدانکردنەوە کوردستانە»
لە کۆتاییدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو. سڵاو بۆ شەهیدانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی و هەموو ئەو شەهیدانەی کە بە خوێنی خۆیان سنووری نیشتمانیان کێشا.
نەمر و سەربەرز بن شەهیدانی کارەساتی قەڵادزێ.
بژی کورد، بژی کوردستان.
سەروەری و نەمری بۆ ڕێبازی بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان.