پەروەردەی ژینگەیی لە دروشمی دیدو پەیامەوە بۆ کردەوە

149

ڕۆشنا عەلی
دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و وڵاتێکی خاوێن، لە پەروەردەکردنی نەوەکانمانەوە دەستپێدەکات. بنەمای ئەم پەروەردەیەش دەبێت لە باخچەی منداڵانەوە دابڕێژرێت، کاتێک منداڵان وەک پەڕەیەکی سپی، ئامادەن جوانترین وێنەی ژینگە دۆستییان لەسەر بکیشیت. بۆ ئەوەی منداڵەکانمان فێری ئەوە بن کە سەیرانگا و شوێنە گشتییەکان موڵکی هەمووانن و دەبێت پاک ڕابگیرێن، پێویستە خۆشەویستیی نیشتمان لە دڵیاندا بچێنین. ئەم کارەش لە باخچەی منداڵانە وەدەستپێدەکات، کە بناغەی داهاتووی کۆمەڵگەن، لەم پرۆسەیەدا، دایکان و باوکان گەورەترین هاندەر و مامۆستای کرداریی منداڵەکانیانن. ژینگەدۆستی تەنیا بە قسە و ئامۆژگاریی سواو ناچەسپێت، بەڵکو پێویستی بە کردەوەیە.

کاتێک باوکێک پاشماوەی خواردنەکەی لە شوێنێکی گەشتیاریدا فڕێ دەدات، یان دایکێک لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە کلێنکسێک هەڵدەداتە دەرەوە، گەورەترین زیان بە پەروەردەی منداڵەکەی دەگەیەنێت، چونکە منداڵ لاساییکەرەوەیە نەک گوێگر. کردەوەی دایک و باوک، دەبێتە ئەو وانە بێدەنگەی کە تا هەتایە لە هزری منداڵدا دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، قوتابخانەکانیش هەڵگری هەمان بەرپرسیارێتین. زۆرجار دەبینین قوتابخانە و باخچەکان، تابلۆی گەورەی (دید و پەیام) یان بە دیواری ڕاڕەوەكانەوە هەڵواسیوە کە پڕن لە دروشمی ژینگەپارێزی. بەڵام پرسیارە ئاڵۆزەكە ئەوەیە: بۆچی دوای گەشتێکی زانستی یان لە کۆتایی ڕۆژێکی خوێندن، گۆڕەپانی قوتابخانەکە پڕ دەبێت لە پاشماوە و خاشاک؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پەروەردە تەنیا لە ڕوخساردا قەتیس کراوە و نەبووەتە بەشێک لە ڕۆتین و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی قوتابی.

چارەسەر لە کردەوەیە نەک دروشم. کاتێک مامۆستایەک لەناو پۆلدا کاغەزێک هەڵدەگرێتەوە یان بە بێدەنگی خاشاکێکی ناو گۆڕەپانەکە پاک دەکاتەوە، بە شێوەیەکی کرداری وانەیەک بە هەموو قوتابییەکان دەڵێتەوە، کە هەزاران ئامۆژگاری ئەو کاریگەرییەی نابێت. منداڵ بە بینینی ئەو دیمەنانە فێر دەبێت و پێویستی بە ڕێنمایی نییە، کاتێک کردەوەی پاکوخاوێنی دەبێتە کلتور، ئیتر دروشمەکان لەسەر دیوار نامرن، بەڵکو لە ناخی نەوەکانماندا دەژین. پێویستە فێریان بکەین کە هەموو پارچە پلاستیکێک برینێکە لەسەر جەستەی سروشت، و تەندروستیی ژینگە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تەندروستیی خۆیان و داهاتوویانەوە. دەبێت تێبگەن کە پشتگوێخستنی ئەم ئەرکە تەنها هەڵەیەکی بچووک نییە، بەڵکو مەترسییەکە هەڕەشە لە جوانیی وڵاتەکەیان و کوالێتیی ژیانی خۆیان.

ئەم بەرپرسیارێتییە تەنیا لەسەر شانی خێزان و قوتابخانە نییە، بەڵکو ئەرکێکی گشتی و نیشتمانییە، با هەموومان، لە تاکەکەسەوە تا دەزگاکان، ببینە نموونەیەکی زیندووی ژینگەپارێزی. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە کوردستانێکی خاوێن، سەوز و گەشاوە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەجێدەهێڵین نیشتمانێک کە بەڕاستی شانازی پێوە بکەن.