خەبات-کارزان حەیدەر:
سەرباز بەرزنجی لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، بڕیارە لە باڵەخانەی فەرمیی ئەنجوومەنی شارەوانیی لامبێس لە لەندەن، یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال دەکرێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژیی لۆبیکردن بۆ چەسپاندنی مافە سیاسی و مرۆییەکانی گەلی کورد لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.
وەک سەرباز بەرزنجی ڕایگەیاندووە، یادکردنەوەکە لەژێر سێبەری مۆنۆمێنتی ئاشتیی هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی ئاشتیی ئەنفال بەڕێوەدەچێت، تیایدا ژمارەیەک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی بەریتانیا، بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، باڵیۆزی عێراق لە لەندەن، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و بەرپرسی دیسکی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامادە دەبن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم یادکردنەوەیە گەیاندنی دەنگی گەلەکەمانە بە ناوەندە سیاسییەکانی بەریتانیا و پێدانی ڕەوایەتیی تەواوە بە تێکۆشانی کورد بۆ ئازادی و سەقامگیری.
لەو ساتە هەستیارەی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، نیشاندانی ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کورددا هاتوون بە بەرپرسانی جیهان و بەریتانیا، دەبێتە قەڵغانێکی گەورە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە، سەرباز بەرزنجی داوای لە هاووڵاتییان و ڕەوەندی کوردستان کردووە بەشدارییەکی کارا بکەن، چونکە ئامادەبوونیان هێزێکی زیاتر بە لۆبیی کوردی دەبەخشێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
بڕیارە مەراسیمی یادکردنەوەکە یەکشەممە ڕێکەوتی 19ی نیسانی 2026، لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 3:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی لامبێس لە لەندەن بەڕێوەبچێت …