شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌،كۆبوونەوەی بەیانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و هەروەها بابەتی پارێزگاری كەركووك، پڕۆسەیەكی ناشەرعییە و لە دەرەوەی ئیرادەی كەركووكیەكانە.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا نوسیوویه‌تی : پارتی بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكات بچێتە ژێر باری سەفەقاتی گوماناویی هۆتێل ڕەشید و كۆمەڵێك ڕێككەوتن كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كەركووك بێت.

ده‌شڵێت: پارتی هەر ڕێككەوتنێك كە لە دەرەوەی شەرعیەت و ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك بێت ڕەتی دەكاتەوە.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: پارتی دژی ماف و داواكارییەكانی پێكهاتەی توركمان نییە ، بە پێچەوانەوە پارتی پشتیوانی مافی هەموو پێكهاتەكانە و پێیوایە نوێنەرانی خەڵكی كەركووك لە چوارچێوەیەكی شەرعیدا دەبێ خزمەتی هەموو پێكهاتەكان بكەن بە بێ جیاوازی.