وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، كە ڕۆژی پێنجشەممە، مووچەی مانگی سێی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 4ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە “ڕۆژی پێنجشەممە 16ی نیسان، مووچەی مانگی ئازاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای  1ی 7ی 2024، بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت”.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، مووچەی مانگانەی 37 هەزار و 933 مامۆستای گرێبەستی وەزارەتی پەروەدە 18 ملیار و 577 ملیۆن دینارە و مووچەی سێ هەزار و 400 مامۆستای گرێبەستی خوێندنی باڵاش نزیكی دوو ملیار دینارە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدرێت.

مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لەدوای 1ی 7ی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت كە نزیكەی 20 ملیار دیناری مانگانەیە.