كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نایاسایی بوو”
“پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار، لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران و دیاریکردنیشی لەدەرەوی ئالییەتی کوردستانی بوو”
“بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و راوێژکردن، هەردوو فراکسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیش دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان”
“پۆستی سەرکۆمار، شایستەبەشی گەلی کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام کاندیدەکە یەک حزب دیاریی کردبوو”
“ئێمە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان کردبوو، بۆیە دەبوایە ناوی کاندیدی پارتییمان لە هەڵبژاردنەکە لادرابایە”
ئەمشەو، 11ـی 4ـی 2026، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نایاسایی بوو، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق رەت دەکەینەوە و ئەو کاندیدە بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان نازانین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین.”
ئەمەی خوارەوە، دەقی ڕاگەیاندراوی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانە:
هاووڵاتییانى خۆشەویستى کوردستان و عێراق
ئەمڕۆ، 11ـی نیسانى 2026، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو، کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەندکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە، هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرکۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!.
بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریی بکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتیمان بایکۆتى بەشداریی کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد، کە دەبوایە دواى بایکۆتکردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە.
لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسیۆنى پارتیمان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکوومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
11ـی 4ـی 2026