کاروان محەمەد سینۆ
دوای مانگێک لە پێکدادانی سەربازیی چڕ و هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە دوا ساتەکانی پێش “کارەسات” جیهان هەناسەیەکی پشووی کێشا. ئەم (ئۆخژنە) دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بەو قەناعەتەی؛ ڕێککەوتنێکی “ئاگربەستی مەرجدار” بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگەیینێت، کە تێیدا بڕیار دراوە (تەنگە هورمز) ئازاد بکریت بە ڕووی کەشتیوانیدا (هاتووچۆی دەریایی بەگشتی) بکرێتەوە.
دەسپێشخەرییەکەی تاران لە ژێر هەڕەشە توندەکانی واشنتۆن
ئەم “ئاگربەستی مەرجدار”ـە؛ تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای هەڕەشە هەرە توندەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتبووی: “ئەگەر ئێران تەنگاوەکە نەکاتەوە، ئەمشەو لە ئێران شارستانییەتێکی تەواو لەناو دەچێت”. بەڵام دواتر.. ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) بە ڕتمێکی نەرمتر دەرکەوت و گوتی کە ڕازی بووە بە ڕاگرتنی بۆردومانەکان، چونکە “ئەمریکا هەموو ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە و لەوەش زیاتری ئەنجام داوە”.
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، کە ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی گێڕاوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، دووپاتی کردەوە کە ئاگربەستەکە دەستبەجێ چووەتە بواری جێبەجێکردن. لەم ڕووەوە تاران پێشنیارێکی (10خاڵی) خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ کە ترەمپ بە “بنەمایەکی باش بۆ دانوستان” وەسفی کردووە.
نەخشەڕێگا 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ
ئاماژە بە زانیارییەکانی هەردوو ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی و “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی، مەرج و پێشنیارە سەرەکییەکانی ئێران بۆ دانوستان بریتین لە:
1- بەڵێن دانی فەرمیی ئەمریکا بۆ دەستدرێژی نەکردنە سەر ئێران لە داهاتوودا.
2- مانەوەی کۆنترۆڵی (تەنگە هورمز) لەژێر دەستی ئێراندا.
3- دانپێدانانی ئەمریکا بە مافیی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی خۆیدا.
4- هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی ئەمریکا (سزا سەرەتایی و لاوەکییەکان).
5- هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆم دژی ئێران.
6- قەرەبووکردنەوەی دارایی ئێران و گەڕاندنەوەی سەرمایە بلۆکەکراوەکانی لە ئەمریکاوە.
7- کشانەوەی هێزە (شەڕکەرەکان)ـی ئەمریکا لە ناوچەکە.
8- ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان، بە تایبەت بەرەی لوبنان و یەمەن و عێراق.
9- بەرامبەر کردنەوەی (تەنگە هورمز)؛ ئێران باجێکی (2ملیۆن دۆلاری) لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت و لەگەڵ (سوڵتاننشینی عومان) دابەشی دەکات.
10- ئێران بە فەرمی بەڵێن دەدات کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
شایانی باسە، تاران ئەوەشی پێشنیاری کردووە کە پشکی خۆی لە داهاتی (تەنگە هورمز) بەکاربهێنێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ژێرخانانەی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وێران بوونە.
ئیسرائیل؛ بە(هێلێکی سوور)ـەوە پشگیری خۆی بۆ دانوستان دەربیوە
هەرچەندە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ دەربڕی، بەڵام بە ڕوونی مەرجی دانا کە دەبێت ئێران دەستبەجێ هێرشەکانی ڕابگرێت. ناتانیاهۆ هێڵی سووری کێشا و گوتی: “ئەم ئاگربەستە بەرەی لوبنان ناگرێتەوە” و هێزەکانی ئیسرائیل لەوێ (لوبنان) لە ئۆپەراسیۆن بەردەوام دەبن. ئەم لێدوانە لە کاتێکدا بوو کە هێشتا دەنگی زەنگی (ئاگادارکەرنەوە) و تێکشکاندنی موشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی قودس دەبیسترا.
ناوخۆی ئێران لە نێوان دڵەڕاوکێ و بێهیواییدا
لەناو ئێراندا، شەوی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بوو. خەڵکێکی زۆر لە ترسی بڕانی کارەبا و بۆردومانکردنی وێستگەکان، پەنایان بۆ کڕینی مۆم و کۆکردنەوەی خۆراک بوو، هەروەها زۆرێک لە خەڵک ناوەندی شارە گەورەکانیا بەجێ دەهێشت ڕووە و دێهاتەکان. ئێستا (پاش ڕگەیاندنی ئاگربەست و دانوستان) جۆرێک لە (ئۆخژنی) لای خەڵکی ئێران دروست بووە کە وێستگەکانی وزە نەسوتێنراون، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، نەیارانی ناوخۆی ڕژێم کە هیوایان بەوە بوو ئەم شەڕە کۆتایی بە دەسەڵات بهێنێت، تووشی بێهیوایی و نیگەرانی بوون؛ چونکە ئێستا دەبێت لە سایەی دەسەڵاتێکدا بژین کە هەرچەندە بریندارە، بەڵام هێشتا لەسەر پێی خۆیەتی.
ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم “ئیسلام ئاباد”
شاراوە نییە کە پەیوەندی و متمانە لە نێوان واشنتن و تاران لە نزمترین ئاستدایە. گەورەترین کێشە ئێستادا لە نێوانیاندا؛ پرسی “پیتاندنی یۆرانیۆم”ە؛ لەکاتێکدا ئێران دەڵێت ئەمریکا پێی ڕازی بووە، واشنتن بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
ڕۆژی هەینی؛ بڕیارە شاندی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان کۆببنەوە، بەڵام پیدەچێ، ئەم دوو هەفتەیە یەکجار پڕ بێت لە دانوستان و ململانێی سەخت، چونکە ئێران هەرچەندە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بووە، بەڵام دەیەوێت کارتی (تەنگە هورمز) و توانای موشەکیی خۆی وەکو گوشار بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوت لەسەر مێزی دانوستان لە ئەمریکا بستێنێت.
دوو خاڵی هەرە ناکۆک لە دانوستانەکەدا
پێموایە دەکرێ دانوستان و لێک نزکبوون و سازش و (شەنوکەی) (10خاڵەکەی ئێڕان) بکرێت؛ بەڵام بیجگە لە دوو خاڵی سەرەکی کە جەوهەری ناکۆکییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانە کە دەبنە کۆسپێکی گەورە لەبەر دەم دانوستانەکە، ئەویش هەردوو خاڵی (تەنگەی هورمز و دۆسێی ئەتۆم)ـە.
دەربارەی کێشەی تەنگەی هورمز؛ ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی هەتوچۆی کەشتیوانی بکات، بەڵام ئەمریکا داوای جووڵەی ئازاد دەکات.
دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی: میدیاکانی ئێران دەڵێن ئەمریکا ڕازی بووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێران، بەڵام ئەمریکا دەڵێت بە هیچ شێوەیەک ڕازی نین بە پیتاندن. بەم پێیە، ئەم دوو هەفتەیە مشتومڕ و دانوستانی یەکجار پڕ لە ململانێ و قورس دەبیستین.
ئێران چۆن دەیەوێت مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەمریکا بسەپینێت؟
لە بارودۆخی ئێستادا و وەستانی شەڕ بۆ ماوەی دووهەفتە و پاش ئەوەی ئێران زیانێکی بەرچاوی پێگەیشتووە لە شەڕی ڕۆژانی ڕابردوودا و دەسپیکرەدنەوەی گفتۆگۆ و دانوستان. لێرەدا پسیارەکە ئەوەیە؛ ئاخۆ ئێران چۆن هەوڵدەدات مەرجەکانی خۆی (10خاڵەکە) بەسەر ئەمریکادا بسەپینێت؛ یاخود بەلای کەمەوە بە (دەستەگوڵ)ڵێی دەرچیت؟، لەکاتیکدا شاراوە نییە کە ئێران وڵاتێکی شارەزا و پسپۆر و لێهاتووە لە دانوسان و دیپلۆماسیەت و هەروەها پشی زۆر درێژە لە ماندووکردنی بەرامبەردا.
پێموایە.. لە بارودۆخی ئێستای خۆیدا؛ ئێران هەوڵدەدات پێگەی ستراتیژی خۆی لە (تەنگەی هورمز) و هەبوونی توانایەکی فراوانی موشەکی؛ وەکو کارتی گوشار و سازش بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی بەرزترین ئاستی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەمریکادا.
لە لایەکی دیکەشەوە؛ هەڵبەت ئێران هیچ هەوڵێکی پەرەپێدانی ئاڵۆزیی بێسەروبەر نادات، بەڵام بەردەوام دەبێت لە پێناو بەرزکردنەوەی تێچووی جەنگ لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی ناچاریان بکات پێش هەر ڕێککەوتنێک؛ مەرجەکانی لە بەرترین ئاستدا قبوڵ بکەن. پێموایە.. لەم ستراتیجییەی ڕۆژانی ڕابردووی شەڕدا؛ ئێران توانیویەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕووی تێچوو و خەرجی شەڕەوە ماندوویان بکات و هەروەها توانیویەتی رتمی ناڕەزایی دژی جەنگ لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا (بەتایبەت ئەوروپا – پەیمانی ناتۆ) بەرز بکاتەوە.